PM:10:26:15/09/2025
1996 جار خوێندراوەتەوە
لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای جوڵەی نێودەوڵەتیی بەپەلە دەکات دژی ئیسرائیل، دەڵێن، "هێرشکردنە سەر قەتەر، هێرشە بۆ سەر هەموومان".
ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، لوتکەی بەپەلەی عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحە، بە سەرۆکایەتیی میری قەتەر، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی توند کۆتایی هات و لە بەیاننامەکەدا، وێڕای ئیدانەکردنی توندی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ قەتەر دووپاتکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل جێبەجێ بکات.
گرنگترین
خاڵەکانی بەیاننامەکە:
- بە
توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە ترسنۆکانە و نایاساییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە
دەکەین، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی قەتەر و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ
ئاسایشی ناوچەکە.
- پشتیوانیی
تەواوی خۆمان بۆ قەتەر دووپات دەکەینەوە و لەگەڵیدا دەبین لە گرتنەبەری هەر
رێکارێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی سەروەرییەکەی، هێرشکردنەسەر قەتەر،
هێرشکردنە بۆ سەر هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییە.
- ئیسرائیل
بە تەواوی بەرپرسیارێتیی دەرەنجامەکانی ئەم هێرشەی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بە
ئامانجگرتنی وڵاتێکی نێوەندگیر، هەوڵێکە بۆ تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ
ئاگربەست.
- بە
تەواوی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ دووبارە هێرشکردنەوە سەر قەتەر یان هەر وڵاتێکی
دیکەی عەرەبی و ئیسلامی رەتدەکەینەوە و بە هەنگاوێکی مەترسیداری دەزانین.
- داوا
لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە بجوڵێت بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی
ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دەربازبوون لە سزا.
- جەخت
دەکەینەوە کە ئاشتیی دادپەروەرانە بە توندوتیژی و بە ئامانجگرتنی نێوەندگیرەکان
نایەتەدی، بەڵکو بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و پابەندبوون بە بڕیارە
نێودەوڵەتییەکان دێتەدی.
ئێوارەی رۆژی
دووشەممە ٩ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ كۆبوونەوەی بەرپرسانی
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی كردە ئامانج و وا بڵاوكرایەوە كە ژمارەیەك سەركردەی
حەماس كوژراون، بەڵام لە هەمان رۆژدا بزووتنەوەكە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی،
هێرشەكە ئامانجی خۆی نەپێكاوە و هیچ سەرکردەیەکیان لە هێرشەکە نەکوژراوە.