PM:10:09:10/09/2025
2704 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئامادەنییە نەوت و داهاتی نانەوتی رادەستباکات و دەشڵێت، داوا دەکەن بەغدا پێشنیارەکنیان بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان بکەنە بنەما بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەکە و لەسەر هەناردەی نەوتیش دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە راگەیەندراوێکدا لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان وتی، پێشنیاردەکەن بەغدا داواکارییەکانی ئەوان سهبارهت به پۆلێنكردنی داهاتی نانهوتی و شێوازی هاوبهشی پێكردنی لهگهڵ حكومهتی فیدراڵ بکەنە بنەما بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.
لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەڵێت، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەندیی گشتی بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی رێککەوتنەکان نابێت لەگەڵ بەغدا و ئامادەنییە نەوت و داهاتی نانەوتی رادەست بکات و بەو هۆیەوە چارەنوسی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت و مانگەکانی داهاتووش بە نادیاری ماوەتەوە.