دوا بە دوای وڵاتی ئەڵمانیا، بەریتانیاش بەنیازە لەرێگەی دەرکردنی یاسای نوێوە رێگا لە لێشاوی کۆچی نایاسایی بگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، حکومەتى بەریتانیا پڕۆژە یاسای ئاسایشی سنووری پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، کە رێگە بە پۆلیس دەدات دەست بەسەر ئامێرەکانی پەیوەندی کۆچبەراندا بگرێت بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی قاچاخچیەکان.
هاوکات یاساکە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە
گومانیان لێدەکرێت ئەو کەرەستانە دابین بکەن کە لە بەلەمە بچووکەکاندا بەکارهێنراون
بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا.
پێشتریش، کیەر
ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوودا بەڵێنیدابوو
ئەو باندانە تێکبشکێنێت کە بە رێگای نایاسایی خەڵک دەگوازنەوە، هاوکات ئامارەکانی
حکومەتی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٧ هەزار کەس لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە هاتوونەتە بەریتانیا،
ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە رێژەی ٢٥٪ زیادیکردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
٢٩ـی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا پڕۆژە یاسایەکی دژ بە کۆچبەران پەسەندکرد کە تیایدا
یاساکە رێگری لە هاتنە ناوەوەی کۆچبەر لە سنوورەکانی ئەڵمانیا و دەستبەسەرکردنی کۆچبەر
و دیپۆرتکردنەوەیان دەکات.