سەردێڕ:

دەرکەوت ئێوەش بایی چەندن..

PM:11:34:28/01/2025
6100 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار ياسين فەتاح
+ -

کات کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتی بە خۆی و مایکەکەیەوە شار بە شار دەگەڕێت و بانگەشە بۆ حزبەکەی دەکات و دەهۆڵی رووخاندنی پارتی و مەسرور بارزانی لێدەدات، بەڵێن بە دەنگدەرانی حزبەکەی دەدات کە ئەمجارە دەنگی پێ بدەن، نەک هەر پارتی لە رەگەوە دەردەهێنێت، بەڵکو یەکێک دەکاتە محافزی بارزان کە بە چقڵی چاوی پارتی ناسراوە!

دوای سێ مانگێک لەم قسانە چی روویدا؟ وەک بەڵینی دابوو، بافڵ پارتی رووخاند؟ مەسرور بارزانیی کرد بە مدیر عام؟ کابرای کرد بە محافزی بارزان؟ دەرکەوت بەس هاژو هوژی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو و چووەوە لای پارتی، ئەمجارە وەک شەریکەبەش نا، وەک جێگر و جانتاهەڵگر!

حەقی خۆیەتی هەر کەسێک دەنگی بە بافڵ تاڵەبانی و حزبەکەی دابێت، ئێستا بچێتە بەردەمی و بڵێت، کاکە ئێمە بە وەعدی ئەوە دەنگمان بە جەنابتان داوە کە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی پارتی بهێنیت، خێرە وا ئێستا شوێن ئەو پارتییە کەوتویتەتەوە و دەستت کردووە بە دابەشکردنی پلە و پۆست و سەوداکردن بە دەنگەکانی ئێمەوە؟ شعورت نییە؟ ئینسانیەتت نییە؟ باوەڕ ناکەم! ئەگەر یەک زەڕڕەی هەبوایە شوێن پارتی و مەسرور بارزانی نەدەکەوتەوە و رازی نەدەبوو جارێکی دیکە ببێتەوە جێگر و جانتاهەڵگری!

ئێستا هەندێک کەس دەڵێن ئەی باشە کاکە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەچێتەوە حکومەت ناتوانێت. وەڵامی ئەمەش ئاسانە، هەر ماوەیەک پێش ئێستا نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی بۆ یەکێتی و هەموو حزبەکانی دیکە تەڕح کرد کە نەک هەر سەرۆک وەزیران، بەڵکوو سەرۆکایەتیی هەرێم و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دیاری بکەن، بەو شەرتەی لە دەرەوەی پارتی بن، ئەوا هەر ١٥ پەرلەمانتارەکەیان دەنگیان پێ دەدەن، ئێ هەر بەپێی ئەم پڕۆژەیە، ١٥ کورسی نەوەی نوێ حازر بوو، ٢٣ کورسی یەکێتی، ٧ کورسیی یەکگرتوو، سێ کورسی کۆمەڵ و ١٠ کورسی لایەنەکانی دیکەی دەرەوەی پارتیش، ئەمە کردییە ٥٨ کورسی و زۆرینەی پەرلەمان، یەعنی تۆپەکە لە ساحەکەی بافڵ تاڵەبانیدا بوو تا بە هەموویانەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەرێم و حکومەتیش هەڵببژێرن بەبێ ئەوەی حساب بۆ پارتی بکەن.

بەڵام نا! یەکێتی قبووڵی نەکرد و تەنانەت دژی دەستپێشخەرییەکەش بوو، ئاخر کاکە گیان چۆن رازی ئەبن بەبێ پارتی شەریکەدزیان بچنە دەسەڵاتەوە؟ چۆن رازی ئەبن خزمەتی خەڵک بکەن؟ تازە ئەمانە بە مژینی خوێنی خەڵک و چەوساندنەوەی خەڵک راهاتوون، بە کوردییەکەی لە خوێنیاندایە و کێچ دەکەوێتە کەوڵیان ئەگەر ئەم میللەتە داماوەی ئێمە بۆ یەک رۆژیش بێت بحەسێتەوە. جەنابی بافڵ تاڵەبانییش بۆ هەموو خەڵکی سەلماند کە بایی چەندە!!

گەلەری