سەردێڕ:

بکوژەکانی ئەخلاقی سیاسی ..

PM:12:38:23/01/2025
500 جار خوێندراوەتەوە
ئەکبەر غەریب
+ -

هیچ شتێک لەسەر بنەمایی " فێڵ و درۆ" تەبەنی ناکرێت، بەداخەوە زۆر جار ئەبیستین دەڵێن: سیاسەت مل شکاندن و فریودان و بەکارهێنانی بەرامبەرە لەڕاستیدا ئەمە نە سیاسەتە نە ئەخلاق!

سیاسەت: هونەری بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ژیانی هاوڵاتیانە.

ڕووداوە سیاسییەکان سێ جۆر بینەری هەیە:

ـ ئەوانەی لەدوورە ڕووداوەکان دەبینن.

ـ ئەوانەی لە نزیکەوە دەیبینن.

ـ ئەوانەی لە "ناوەوە" دەیبینن.

کاتێک کەلە "ناوەوە" ڕووداو هەڵوێست و جوڵە سیاسییەکان دەبینیت ئیتر سەنگی ئەخلاقی هەر سیاسیەک بە پوختی دێتە بەردەست، نە بە مێژوو خوێندنەوە نە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و نە لە ڕێگەی خود شیکاری ئەم حەقیقەتەت بۆ دەرناکەوێت٫ چونکە شتەکان بەتەواوی لێک ئاوێتە ئەبن و تەواو مادەکان لێکدا دەتوێنەوە، ئەوکاتە لێکجیاکردنەوە تەواو قورس و مەحاڵە!

بۆیە تا کارەکتەریی "ناو" ڕووداوەکان نەبیت نازانیت کێ خاوەنی ستراتیژەو کێ خەریکی تەکنیکە!

ـ لەناوەوەوە تێدەگەی کەسانێک هەن

تەنها قسەن و هەڵوێستی کردەییان نیە

سیاسی هەڵوێست نیین و لەهەڵوێستەکاندا بەتەواوی پێچەوانەی قسەکانییانن و بەکرێگیراوی قسەن.

ـ لە "ناوەوە" تێدەگەی کەسانێک هەن بەڕاستی ترسنۆکی سیاسین و ئەوەی لەباسی ـ بوێری و ـ مبدئ و ـ ڕووبەڕوو بونەوەی زاڵم دەیڵێن

تەنها قسەیەو هیچ کردەوەیەکیان نیە و بارگرانیین بۆسەر بیروباوەڕی ڕاستەقینەی خۆیان.

ـ لەناوەوە تێدەگەی ستەمکارە گەورەکان هەموویان

پێکەوە شەریکن و ئەوەی لەدەرەوە بەناوی دژایەتیەوە دەیلێن بەشێکە لە پاراستنی ئەو شەراکەتە.

ئەم نوسینە لە ئەنجامی بەشداربوون لە ناوەوەی یەکێک لەڕووداوە مێژووییەکانی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی گرتووە .

دوێنێ لەڕووداوێکی مێژووی دا کە هەنگاوێکی گەورە بوو، بۆ گۆڕانکاریی لە باڵانس و هێزی سیاسی لەهەرێمی کوردستان و

گۆڕانکاری لەژیانی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان و

لابردنی وەهمی خۆ سەپاندن و خستنی لایەک لە ستەم و گەندەڵی

ئەویش " یەک هەڵوێستی ئەندامانی پەڕلەمان بوو لە دەروەی حزبی پارتی، بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان لە دەزگایەکی تەواو شەرعی و تەواو دیمکراسی لەدوای زیاتر لە (پەنجا ڕۆژ) تەشکیل نەکردنی حکومەت، کەچی هیچ لایەنێک جگە " یەکگرتووی ئیسلامی و هەندێک پەڕلەمانتار " بەفەرمی ئامادە نەبوو لەو گۆڕانکارییە مێژوییە بەشداربن، جگە ئەوەش لەبری پشتگیریکردنی ئەم هەنگاوە پڕ بوێرییە، هاتوون دژایەتی خستنە ڕووی ئەم هەوڵێستە مێژوویە دەکەن و لەبری دژی گەندەڵی و دژی خۆ سەپاندن و دژی مەکینەکانی گەندەڵی لێدوان و قسە و هەڵوێستیان هەبێت، هاتوون دژی خاوەنی

بیرۆکەو پڕۆژە سیاسییەکەن!

ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئێستا لەهەرێمی کوردستان

مشاری بەرژەوەندی سیاسسەکانی کردووە بە دوو قاژەوە:

قاژی بەرەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی گەندەڵ و

قاژی بەرەی میللەت و هاوڵاتیانی بەش خوراو.

دوێنێ پەڕلەمانتارانی هاوڕێم لە " نەوەی نوێ" پشتڕاستی هەموو ئەو بەڵێنانەییان کردەوە

کە بەخوداو خەڵکیان داوە، وە بەدڵنییایەوە بەردەوام دەبین لە دژایەتی ستەم و پارێزەرانی ستەمکار.

دوێنێ ڕۆژی دەرکەوتنی " بکوژەکانی ئەخلاقی سیاسی بوو "

ئەکبەر غەریب

ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان ـ نەوەی نوێ.

گەلەری