وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی شوباتى ٢٠٢٥ بەشێوەى ئەلیکترۆنى دەست بە پێدانى قەرزی خانوبەرە دەکەینەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، ئیستیبراق سەباح، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە ئاژانسى هەواڵی عێراقی رایگەیاند، لەمساڵدا نزیکەی ٩٠٠ ملیار دیناریان وەک قەرزی خانووبەرە و نیشتەجێکردن داوە بە هاوڵاتیان و ساڵى داهاتووش دەستدەکەنەوە بە پێدانى ئەو قەرزە بە هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەرزی خانوبەرەکە نزیکەی ١٦ هەزار کەس لێی سوندمەند
بوون، وتیشی کار دەکەن بۆ باشترکردنی قەرزی خانووبەرە بۆ هاوڵاتیان.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
ئەنجامی دەدات بە ئامانجی کەمکردنەوەی بۆشایی نیشتەجێبوونە لە رێگەی پڕۆژەی نوێی
شاری نیشتەجێبوون جگە لەو کۆمەڵە نیشتەجێبوونانەی کە وەزارەتەکە جێبەجێی دەکات و سەرپەرشتی دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتەکە کاتی دەستپێکردنی قەرزی خانووبەرەی بۆ
ساڵی داهاتوو ئاشکراکرد کە لە دووی شوبات دەسپێدەکات بۆ ماوەی هەفتەیەک و لەرێگەی
پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە هاوڵاتیان دەتوانن فۆرمی ئەلیکترۆنی قەرزی خانووبەرە پڕبکەنەوە بۆ کردنەوە و تەواوکردنی یەکەی نیشتەجێیەکانیان
بە شێوازێکی ستاندارد.