سەردێڕ:

عەتوان عەتوانی: بەغدا و هەرێم لەسەر نەوت گەیشتونەتە رێککەوتنى سەرەتایی

AM:09:41:16/12/2024

1584 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان و ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ دیاریکردنی نرخی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، عەتوان عەتوانی بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى حکومەتى عێراقى وتووە، ئەو سەردانانەی شاندی پەرلەمان بۆ هەرێم گەیشتنە بە ئەنجامێکی باش و لێکتێگەیشتنی قبوڵکراو بۆ هەردوولا سەبارەت بە داهاتی نەوت و نانەوتیش، وەک گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی کە هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامی داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێک دێت بۆ دانانی بنەمایەکی گونجاو بۆ یەکخستنەوە یان گەیشتن بە قەناعەت سەبارەت بە نرخی نەوت، بۆ ئەوەی هەرێم دەست بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بکات.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەگەری گونجاندنی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی ئەوەی کە لەگەڵ دەستووردا یەکدەگرێتەوە و فۆڕمی گرێبەستەکان لە هاوبەشی لە بەرهەمهێناندا بگۆڕدرێت بۆ بەشداریکردن لە قازانجدا.

 













گەلەری