سەردێڕ:

ماکرۆن سەرۆکوەزیرانی نوێی فەڕەنسای دیاریکرد

PM:05:22:13/12/2024

1440 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەڕەنسا، فرەنسۆ بایرۆی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاریکرد


ئەمڕۆ هەینی ١٣ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا فرەنسۆ بایرۆی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاریکرد، فرەنسۆ بایرۆ سێیەم کەسە لە ئەمساڵدا وەکو سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا دیاریدەکرێت، کە پێشتر هەریەکە لە گابرێل ئەتاڵ و میشێل بارنێ بۆ ماوەیەک لەو پۆستەدا بوون.

هاوکات، کاری لە پێشینەی بایرۆ کە هاوپەیمانی نزیکی ماکرۆنە، رزگارکردنی فەڕەنسایە لەو قەیرانە سیاسییەی کە شەش مانگە تێیکەوتووە، ئەمە جگە لە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ بودجەی ساڵی٢٠٢٥ و دەبێت خۆی بۆ ململانێیەکی توندی ئۆپۆزسیۆن ئامادەبکات، کە سەرۆکوەزیرانەکەی پێشتریان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کردبوو.


هەروەها، بڕیارە بایرۆی تەمەن ٧٣ ساڵ، لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی پێشکەش بکات، چاوەڕواندەکرێت هاوشێوەی میشێل بارنێی سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر ببێتەوە.

 هەروەها، یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە، پەیوەندییە بەهێزەکەیەتی لەگەڵ ماکرۆن، لەکاتێکدا سەرۆکی فەڕەنسا ئاستی جەماوەریی رووی لە دابەزین کردووە و گومانی ئەوە دروستبووە، کە ئایا دەتوانێت ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بکات، کە لە ساڵی ٢٠٢٧ کۆتایی دێت.













گەلەری