سەردێڕ:

دۆناڵد ترەمپ کارنامەی ئیدارەکەی بۆ گۆڤاری تایم خستەڕوو

AM:11:30:13/12/2024

2828 جار خوێندراوەتەوە

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم کارنامەی دووەم خولی سەرۆکایەتی خۆی دەخاتە ڕوو لەگەڵ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆسێیەکدا، کە دیارترینیان ڕووداوەکانی کاپیتۆڵ و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و ڤاکسینی منداڵان و جەنگی ئۆکرانیایە.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کارنامەی ئیدارەکەی بۆ گۆڤاری تایم خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئەو کاتەی دەستبەکاردەبێت سوپای ئەمریکا بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو ئەمریکاوە بەکاردەهێنێت، دەشڵیت، هەندێک لە ڤاکسینەکان هۆکاری ئۆتیزمی منداڵانن و رەتیان دەکاتەوە هەروەها یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کەمدەکاتەوە.

گۆڤاری تایمی ئەمریکی کە دووجار دۆناڵد ترەمپ بە کەسایەتی ساڵ هەڵبژاردووە کارنەمەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای خستووەتە ڕوو لە دووەم خولی سەرۆکایەتیدا،.

ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە لە یەکەم کاتژمێری پۆستەکەیدا چاودەخشێنێتەوە بە دۆسێی ئەو کەسانەی تۆمەتبارکراوبوون بە بەشداریکردنیان لە هێرشەکەی ٦ ی مانگی یەکی ٢٠٢٠ ناسراو بە ڕووداوەکانی کاپیتوڵ، وتیشی بە جیا  تیشک دەخاتە سەر ئەوانەی توندوتیژ و تاوانباری ڕاستەقینە نەبوون لە ڕووداوەکە و سزای توند بەسەریاندا سەپێندراوە، هەروەها سەیری دۆسێی ئەوانەش دەکات کە بە ڕاستی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون و لەو ڕۆژەدا توندوتیژییان نواندووە.

هەروەها ترەمپ بۆ گۆڤاری تایم پلانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەکارهێنانی سوپای ئەمریکا بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو ئەمریکاوە، جەختیشیکردەوە بەنیازە سوپای ئەمریکا بۆ دیپۆرتکردنەوەیان و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو سەرچاوەیەکی پێویست ناوخۆیی و فیدراڵی و سەربازی بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی ناوخۆیی لە مێژووی ئەمریکادا.

هەرچەندە لە یاسای ئەمەریکاشدا هاتووە کە بەبێ دەرکردنی یاسایەک لەلایەن کۆنگرێسەوە ناتوانرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا ناوخۆییەکان ناتوانرێت بەکاربهێنرێت، بەڵام ترەمپ دەڵێت ئەوە سوپا ڕاناگرێت، چونکە پێی وایە لێشاوی کۆچبەران وەک داگیرکاریی وایە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.

سەبارەت بە ڤاکسینەکانیش ترەمپ پێی وایە زۆرێک لەو ڤاکسینانەی تایبەتە بە منداڵان دەبنە هۆی ئۆتیزم و پێویستە خراپەکانیان لەناوببرێن، ئەگەرچیش کە تا ئێستا زانست ئەو تیۆرییەی نەسەلماندووە، بەڵام ڕۆبەرت ئێف کینیدی کە ترەمپ بۆ پۆستی  وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان کاندیدی کردووە هەمان بۆچوونی ترەمپی هەیە و دەڵێت ئۆتیزم لە ڤاکسینەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەرچی قەیرانی ئۆکرانیایشە، ترەمپ جەخت دەکاتەوە بە توندی دژایەتی بڕیارەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەکات بە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی بۆ بۆردومانکردنی قوڵایی خاکی ڕوسیا و پێی وایە ئەوە ئاگری جەنگەکە زیاتر دەکات.

هەرچۆنێک بێت ئەو هەڵوێستەی ترەمپ مەترسی ئەوەی دروستکردووە ئیدارەکەی لە کاتی دەستبەکاربوونیدا یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە و ئاڕاستەی جەنگەکە لە بەرژەوەندی ڕوسیا بگۆڕێت.

لەو ڕووەوە پێشتر سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ NBC نیگەرانی خۆی نیشاندابوو لەو یارمەتیە داراییە زەبەلاحەی وڵاتەکەی بە ئۆکرانیای دەدات، وتیشی ئەوروپا بەشێکی زۆر کەم دەدات وێڕای ئەوەی جەنگەکە بۆ ئەوان گرنگترە بە بەراورد بە ئەمریکا.













گەلەری