سەردێڕ:

چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا: نزیکبووینەتەوە لە کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى شاری حمس

PM:10:28:06/12/2024

1968 جار خوێندراوەتەوە

گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا رایانگەیاند، نزیکبوونەتەوە لە کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى شاری حمس و روانگەی سوریش دەڵێت، لە ئیستادا لەسەدا٤٠ـی خاکی سوریا بەدەستی هەسەدەوەیە، باڵیۆزخانەى عێراقیش لە دیمەشق داوا لە هاوڵاتیانی عیراق دەکات سوریا جێبهێڵن.


ئەمڕۆ هەینی ٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا ئاماژەیان بەوەش کردووە، خاڵە سەربازییەکانی ناو شاری سوەیدەیان لە باشووری سوریا کۆنترۆڵ کردووە و لە ئێستاشدا لەگەڵ سوپای سوریا لەناو شارەکەدا لەشەڕدان و لە ناو پارێزگای درعاشدا ١٢ شوێنی سەربازی دیکە کۆنترۆڵ کراون.

هاوکات، باڵیۆزخانەی عێراق لە سوریا لە بەیاننامەیەکدا داوای لەو هاوڵاتییە عێراقییانە کردووە کە لە سوریا دەژین بگەڕێنەوە عێراق، دەشڵێت، هەر پیاوێک یان ژنێک هاوسەرەکەی سوری بێت دەتوانن ڤیزەی عێراق وەربگرن و تەواوی خێزانەکەیان بگەڕێنەوە عێراق.

لەلایەکی دیکەشەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، تەواوی پارێزگای رەقە و دێرەزووریان کۆنترۆڵ کردووە و دەروازەی ئەلبوکەمال لەنێوان عێراق و سووریاش کەوتووەتە دەستی هێزەکانیان.

گەرچى ئەمریکاش لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەوە دەڵێت، لە ئێستادا هیچ رێگاچارەیەکی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ چارەسەری ململانێکانی سوریا لە ئارادا نیە.

 













گەلەری