سەردێڕ:

ئەمریکا: لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سوریا دەکەین

AM:09:09:01/12/2024

1436 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سوریا دەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، شۆن ساڤیت، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی رایگەیاند، بۆ دۆخی سوریا ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری دەکات و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا پەیوەندی لەگەڵ پایتەختی ناوچەکاندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی ئێستاوە نییە و وتیشی، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی، داوامان لێدەکەن ئەو پەرەسەندنە ڕابگرین و خەڵکی مەدەنی و کەمینەکان بپارێزین.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن و پاراستنی تەواوەتی کارمەندان و شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێران، جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی لایەنە چەکدارەکانی سوریای بە بەشێک لە پلانی "زایۆنیستی-ئەمریکی" بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ئاسایش وەسف کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا روسییەکەی جەختیان لەسەر پشتیوانیی پتەوی ئێران و ڕووسیا بۆ سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە.

هەر لە رۆژی رابردوودا رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی چەند ئەرکێکیان لە سوریا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا ناوەندەکانی فەرماندەیی سەر بە کوتلە چەکدارەکانیان کردە ئامانج، بەهۆیەوە نزیکەی ٣٠٠ چەکدار کوژراون.













گەلەری