سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: گەشەی دانیشتوان لە عێراق لە ئاستی مامناوەنددایە

PM:04:28:27/11/2024

1184 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکاری سندوقی دانیشتوان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، گەشەی دانیشتوان لە عێراق هاوتەریبە لەگەڵ رەوتی جیهانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ـی ١١ـی ٢٠٢٤، مەهدی عەلاق ڕاوێژکاری سندوقی دانیشتوان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق باسی لەوە کرد، بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێریی عێراق ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووان ٢.٣٪ و بەو پێیەش عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە گەشەی دانیشتوانیان مامناوەند تا بەرزە.

ئەوەشی خستە روو، رێژەی گەشەی دانیشتوانی عێراق هاوتەریبە لەگەڵ ڕەوتی جیهانی زیادبوونی دانیشتوان و ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەراورد بە ١٥ساڵ لەمەوبەر لە ٣١ ملیۆن کەسەوە بۆ ٤٥ ملیۆن کەس ساڵانە بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرژمێری دانیشتووان لە قۆناغی کۆتاییدایە و تیمە مەیدانییەکان کاردەکەن بۆ تەواوکردنی کۆکردنەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە هەندێک بواردا، لەگەڵ گرنگیدان بە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و وردبینی."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە پشتبەستن بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ عێراق سەرژمێری گشتی دانیشتوانی دەکات و لە ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگەش بەو بۆنەیەوە قەدەغەی هاتوچۆ بوو و لە ئێستاشدا قۆناغی سێیەمی سەرژمێرییەکە دەستی پێکردووە کە خۆی لە ٧٠ پرسیاری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەبینێتەوە.













گەلەری