سەردێڕ:

ئێران پێشوازی لە ئاگربەستی لوبنان دەکات و ئەمریکا بە رۆژێکی مێژوویی وەسفی دەکات

AM:08:35:27/11/2024

1696 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانیەکان رایانگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازی لە ئاگربەستی لوبنان کرد و جەختی لەسەر پشتیوانیی تاران بۆ حکومەتی لوبنان و گەلەکەی کردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ١١ی ٢٠٢٤ ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئێمە پێشوازی لە کۆتایی دەستدرێژیی رژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان دەکەین و پشتیوانیی چەسپاوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ حکوومەت و گەلی خۆڕاگری لوبنان دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ و تاوانەکانی دەستدرێژیی زایۆنیستی، کە بە تەواوی پشتگیری دەکرێت لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و هەندێک لە حکومەتەکانی ئەوروپا، لە ئەنجامدا ٦٠ هەزار کەسی بێتاوان شەهید بوون و ١٢٠ هەزار کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ٣.٥ ملیۆن کەسی ستەملێکراو لە فەلەستین و لوبنانەوە ئاوارە بوون و وێرانکارییەکی بەرفراوان روویدا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئاگربەستی لوبنان دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و دەبێت رێگا ئاگربەستی غەززە بکاتەوە کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرێت.

لە لەندەن، کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، رێژەیەک لە یارمەتیدانی دانیشتوانی مەدەنی دەبەخشێت.

لە پلاتفۆرمی ئێکسدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەستبەجێ پێشکەوتن ببینین بەرەو گەیشتن بە رێکەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ئازادکردنی هەموو بارمتەکان.

سەبارەت بە لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئەو رێکەوتنەکەی بە "رۆژێکی مێژوویی" زانیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە لوبنان و ئیسرائیل دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

وەزیری ئەمەریکا هیوای خۆی دەربڕی کە ئاگربەست لە لوبنان کۆتایی بەو توندوتیژی و کاولکاریانەی کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا هاتۆتە ئاراوە.

هاوکات، بایدن لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر چوار بەرەبەیانی بەکاتی ناوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، "شەڕەکانی ئەودیوی سنووری لوبنان و ئیسرائیل کۆتایی پێدێت ئەم (ئابەست)ە. ئامانجی وەستاندنی هەمیشەیی دوژمنایەتییە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا راگەیەندرا، دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕی نێوان هەردوولا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.













گەلەری