سەردێڕ:

ئیسرائیل بە رێکەوتنی ئاگربەست لە لوبنان رازی بوو

PM:10:08:26/11/2024

2756 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل رێکەوتنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ١١ی ٢٠٢٤ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە سبەی چوارشەممە رێکەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل دەقی تەواوی رێکەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانیان بڵاوکردەوە، کە پێکدێت لە ١٣ خاڵ کە ئەمانەن:

• سەرجەم گروپە چەکدارەکانی لە خاکی لوبنان هیچ چالاکیەکی هێرشبەرانە دژی ئیسرائیل ئەنجام نەدەن.

• لەبەرامبەردا ئیسرائیل هیچ چالاکیەکی سەربازیی هێرشبەرانە لەدژی ئامانجەکانی لوبنان ئەنجام نادات، جا چ لەسەر زەوی، چ لە ئاسمان، یان لە دەریادا.

• ئیسرائیل و لوبنان گرنگی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەناسن.

• ئەم پابەندبوونانە مافی بەرگریکردن لەخۆی ئیسرائیل یان لوبنان نکۆڵی ناکەن.

• هێزە ئەمنییەکان و سوپای فەرمی لوبنان تاکە ئەکتەرە چەکدارەکان دەبن کە رێگەیان پێدەدرێت چەک هەڵبگرن یان هێزەکانیان لە باشووری لوبنان چالاک بکەن.

• فرۆشتن، دابینکردن یان بەرهەمهێنانی چەک یان کەرەستەی پەیوەندیدار بە چەک لە لوبنان لەلایەن حکومەتی لوبنانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

• هەموو ئەو دامەزراوە بێ مۆڵەتانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بە چەک هەڵدەوەشێنرێنەوە.

• هەموو ژێرخانی سەربازی و شوێنەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە، هەروەها دەست بەسەر هەموو ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی کە پابەندی ئەم بەڵێنانە نین دەگیرێت.

• لیژنەیەک بە رەزامەندی هەردوو ئیسرائیل و لوبنان پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردن و هاوکاریکردن لە دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە.

• ئیسرائیل و لوبنان راپۆرت لەسەر هەر پێشێلکارییەکی ئەگەری ئەم بەڵێنانە پێشکەش بە لیژنەکە و هێزە کاتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) دەکەن.

• لوبنان هێزی ئەمنی فەرمی و هێزی سوپا بەدرێژایی سەرجەم سنوورەکان و خاڵە پەڕینەوەکان و هێڵی تایبەتی ناوچەی باشوور وەک لە پلانی جێگیرکردندا باسکراوە جێگیر دەکات.

• ئیسرائیل وردە وردە لە باشووری هێڵی شین دەکشێتەوە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژ.

• ئەمریکا پەرە بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەدات بۆ گەیشتن بە سنوورە وشکانییە دانپێدانراوەکان.



 













گەلەری