سەردێڕ:

گروپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیارێتیان لە دوو ھێرش بۆسەر ئیسرائیل راگەیاند

AM:09:56:25/11/2024

1896 جار خوێندراوەتەوە

گروپە چەكدارەكانی عێراق، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی دوو هێرشی نوێ‌ بە فرۆكەی بێفرۆكەوان بۆ سەر باشوری ئیسرائیل راگەیاند.


ئەمڕۆ دووشممە ٢٥ـی ١١ـی ٢٠٢٤، گروپە چەكدارەكانی عێراق، لە دوو بەیاننامەیەی جیادا رایگەیاند، دوو هێرشی جیایان بە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئەنجامداوە، یەكێكیان پێگەیەكی گرنگی كردووەتە ئامانج و ئەوی تریشیان پێگەیەكی سەربازی لە باشوری ئیسرائیل.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە وردەكاری ناوچە بە ئامانج گیراوەكان و زەرەر و زیانەكانیش نەكراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەكان لە چوارچێوەی پشتیوانیكردنی هەردوو گەلی فەلەستین و لوبناندایەو جەختیشیان لە درێژەدان بە كردنە ئامانجی پێگەكانی ئیسرائیل كردووەتەوە بە شێوەیەكی چڕتر.

بەردەوامی هێرشی گروپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل لە كاتێكدایە، ئیسرائیل چەندین پەیامی هەڕەشە ئامێزی بۆ عێراق ناردووە بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەو، كردنە ئامانجی ژێرخانی ئابوری و سەركردەی گروپە چەكدارەكان لە حاڵەتی بەردەوامی ئەو هێرشانە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڕەشانەو هەوڵی بەردەوامی حكومەتی عێراق بۆ راگرتنیان، تائێستا ئەنجامێكی نەبووە، ئەوەش ئەگەری پەلاماردانی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە كردووەتە ئەگەرێكی بەهێزو چاوەڕوانكراو.













گەلەری