سەردێڕ:

کۆشکی سپی: نامانەوێت عێراق بکەوێتە نێو ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

AM:10:11:24/11/2024

1176 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی لە رێگەی پەیامێکەوە عێراقی ئاگادارکردەوە لە بە ئامانجگرتنی خاکی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە پەیامەکەدا باس لەوەشکراوە ئەمریکا لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لەهەر هێرشێک بۆسەر عێراق.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ١١ـی ٢٠٢٤ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، کۆشکی سپی پەیامێکی ناردووە بۆ سەرکردەکانی عێراق، کە دەڵێت ئەمەریکا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە هەرچەشنە هێرشێک کە بکرێتە سەر عێراق و لە هەوڵدان بۆ داڕشتنی چارەسەری بابەتیانە بۆ پێشهاتەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لەڕێگەی پەیامەکەیەوە بە سەرکردەکانی عێراقی راگەیاندووە، بۆ رێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت عێراق گروپە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکات، باس لەوەشکراوە هەوڵدەدات بەغدا لە بەشداریکردن لە ململانێکان دوور بخاتەوە.

دوێنێش، سبحان ئەلمەلا جیاد راوێژکاری کاروباری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند، ماوەیەکە ئەو قەوارەیە رایدەگەیەنێت کە لە رۆژهەڵاتەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی دەستپێدەکات و ئەم لایەنەش هەردوو وڵاتی سوریا و ئوردن پێکدەهێنن، نەک تەنها عێراق.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق.













گەلەری