PM:03:56:18/11/2024
1888 جار خوێندراوەتەوە
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتەی بەخەبەر هێناوە، میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن، چی دیکە ئیسرائیل لە ئاست ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نابێت و پلانی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانەی لەناو خاکی عێراق داڕشتووە.
هەر لەوبارەیەوە، رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لە چەند چاوگێکی هەواڵگریی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، بە بیانووی ڕەوانەکردنی مووشەکی دوورمەودا لە ئێرانەوە بۆ ناو خاکی عێراق و بەکارهێنانی ئەو مووشەکانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، تەلئەبیب دەیەوێت هێرش بکاتە سەر گروپە چەکدارەکان و بەتایبەت سەرکردە باڵاکانی ئەو گروپانە.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات، پلانەکە بەشێوازێکە کە سەرەتا ژێرخانە
ئابوورییەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق و دواتر سەرکردەی ئەو گروپە چەکدارانە دەکرێنە
ئامانج.
لە بەرامبەریشدا، حکومەتی عێراق هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی
پریشکی ئاگری جەنگەکە لە عێراق و بەم دواییانە نێردە ئەمنی و دیبلۆماسیەکانی ڕەوانەی
هەر یەکە لە واشنتۆن و تاران کردووە و دەیەوێت دڵنیایی وەربگرێت کە خاکی وڵاتەکەی
نابێتە گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگی ناوچەکە.