سەردێڕ:

ئەمریکا رێگە بە ئۆکرانیا دەدات مووشەکی دوورمەودا دژی روسیا بەکاربهێنێت

AM:08:56:18/11/2024

1568 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد، کە رێگە بە ئۆکرانیا دەدات چەک و مووشەکی بەهێزی دوورمەودا دژی روسیا بەکاربهێنێت.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد، کە رێگە بە ئۆکرانیا دەدات بەرامبەر ئەو هەزاران سەربازەی هێنراوەتە سنوری وڵاتەکەی چەک و مووشەکی بەهێزی دوورمەودا دژی روسیا بەکاربهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، کۆتایی بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەهێنێت.

بەرپرسانی کۆریای باشوور و ئۆکرانیا هۆشداری دەدەن لەوەی، روسیا ١٠ هەزار سەربازی کۆریای باکووری لە هەرێمی کورسک کە سەر بە روسیا یە و هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا، جێگیرکردووە، تاوەکو ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردوون، وەربگرێتەوە.

ئیدارەی بایدن مەترسی نیشانداوە کە سەربازی زیاتری کۆریای باکوور بهێندرێنە سنوورەکانی ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا چەندین جار داوای لە ئەمریکا و رۆژئاوا کردووە رێگەی پێ بدەن چەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی روسیا بەکاربهێنێت، بەڵام داواکەی بەبێ وەڵام مابووەوە.

هاوکات،ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگری لە ئۆکرانیا لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین لە ئەڵمانیا، باسی لە بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا کرد و گوتی، "ئێمە پێویستە ئەو توانایەمان هەبێت، نەوەک تەنیا لە خاکی دابەشکراوی ئۆکرانیا، بەڵکو لەنێو خاکی روسیا ش".













گەلەری