سەردێڕ:

ئیدارەى ترەمپ هەوڵەکانى خستووەتە کار بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە

PM:11:51:15/11/2024

2000 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەى ترەمپ وەک بەڵێنى دابوو کۆتایی بە ناکۆکی و جەنگەکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بهێنێت، لە ئێستاوە و پێش وەرگرتنى دەسەڵات هەوڵەکانى خستووەتە کار، لەوانەش ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران و شەڕی لوبنان. بەپێى تازەترین زانیارییەکانیش کەسایەتیەکى سەرمایەدارى نزیک لە ترەمپ لەگەڵ نوێنەرى ئێراندا کۆبووەتەوە و باسى پەیوەندى نوێى نێوان تاران و واشنتۆنیان کردووە.


ئیدارەى ترەمپ وەک بەڵێنى دابوو کۆتایی بە ناکۆکی و جەنگەکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتى ناوەراست بهێنێت، لە ئێستاوە و پێش وەرگرتنى دەسەڵات هەوڵەکانى خستووەتە کار.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە،دوای نێوەندگیرییەكەی بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان ترەمپ و زیلیسنكی، ئیلۆن مەسك راوێژكار لە كۆشكی سپی، بە"نهێنی" لە نیویۆرك دانشتنێكی لەگەڵ (ئەمیر سەعید ئیروانی) باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە کە ئامانجەکەى گفتوگۆكردن بووە لەبارەی هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران.

رۆژنامەكە لەزاری چەند بەرپرسێكی ئێرانەوە دەڵێت، كەشوهەوای گفتوگۆكە "ئەرێنی" بووە و باس لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران کراوە، ئەمە لەپاڵ بەهێزكردنی هاوكاریی ئابووری لەو رێگەیەوە ئیلۆن مەسك هەندێك لە كارە ئابوورییەكانی بگوازرێتەوە بۆ تاران.

ئەم دیدارە وایكردووە، هەندێك لە چاودێران دۆخەكە واببینن تاران و واشنتۆن هەردووكیان ئامادەن بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانیان هەڵبدەنەوە.

پێشتریش عەباس عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاندبوو، پێیوستەناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکادا کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی باجی زیاتر نەدەن.

هاوکات، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریكی، لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ، رەزامەندی لەسەر پلانی چارەسەر لە لوبنان پیشانداوە و هیوای خواستووە رێككەوتنەکە پێش دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا جێبەجێ بكرێت.

بەگوێرەى رۆژنامەکە، هێڵە سەرەکییەکانی پێشنیازی چارەسەر لە لوبنان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، حزبوڵا هێز و چەكەكانی بگوازێتەوە بۆ باكووری رووباری (لیتانی) و سوپای لوبنان و هێزەكانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، كاربكەن بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی حزبوڵا بۆ باشووری لوبنان.

نۆی ئەم مانگەش سەرۆک وەزیرانى عێراق بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتى عێراق، هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن کردووەتەوە بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و دارایی و وزە و ترەمپیش ئامادەیی خۆى بۆ بینینی سودانى دەربڕیوە، هەروەهاسودانی و ترەمپ باسیشیان لە هەماهەنگیکردن کردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.













گەلەری