سەردێڕ:

'هیچ کات هێندەی ئێستا سروشت و موڵکی سلێمانی رووبەڕووی شێواندن نەبووەتەوە'

PM:06:09:13/11/2024

1432 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی مێژووی ٢٤٠ ساڵەی سلێمانیدا ھێندەی ئەم ١٥ ساڵەی رابردوو شەڕانگێزی و تاوان بەرامبەر ژینگەی سلێمانی نەکراوە، موڵکی گشتی بەهەدەر نەدراوە و سروشتەکەی نەشێوێندراوە. دەشڵێت، "دەبێت لەیادی ٢٤٠ ساڵەی سلێمانی جلی رەش بپۆشین نەک جلی ئاڵاو واڵا".


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرباری ئەو سەردەمە تاریکانەی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەت لە سایەی دیکتاتۆریدا پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئێستا سروشت و موڵکی سلێمانی رووبەڕووی تێکدان و داگیرکردن نەبووەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا و لەژێر سایەی فەرمانڕەوای کورد دا شاری سلێمانی شوناسی راستەقینەی خۆی لێسەندراوەتەوە و سروشتەکەی خراوەتە سەر وەبەرھێنەری حزبە فەرمانڕەواکان.

باس لەوەش کراوە، پێشتر شار موڵکی ھەموو دانیشتوانەکانی بوو، دەستکاریکردنی موڵکی گشتیش هێڵی سوور بووە، بەڵام چیتر شار موڵکی دانیشتوانەکەی نییە و سروشتەکەی لێ زەوتکراوە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ئێستادا خاپوورکردنی سروشتی گۆیژە و (سییەکانی) سلێمانی بەردەوامی هەیە، بڕینەوەی هەزارەها داری بەرداری باخەکانی قەرەتۆغان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەوەش هاتووە، "گەر بەم شێوەیە شار و ژینگەی سلێمانی داگیر بکرێت و بشێوێنرێت یادی چی بکرێتەوە؟ داگیرکاریی موڵکی گشتی و سروشتەکەی؟ شێواندنی سیماکەی؟ تێکدانی ژینگەکەی؟ بڵاوکردنەوەی هەزارەها پەتا بەهۆی شێواندنی ژینگەکەی؟".

ئەوەش خراوەتە روو،" پێویستە تیشک بخەینە سەر ئەو هۆشیارییە ژینگەیی و مەدەنییەی لای هاوڵاتیانی شارەکە چەکەرەی کردووە و سەدان چالاکی بوارەکەی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی". دەشڵێن، "هەوڵەکانمان بەوپەڕی تواناوە درێژە پێ دەدەین تا ئەو کاتەی کە سنوورێک بۆ داگیرکاری و تێکدانی سروشت و موڵکی سلێمانی دادەنرێت".













گەلەری

‌بەپەلە