سەردێڕ:

کەشناسی: لێزمەباران دەبارێت

AM:10:55:03/11/2024

25840 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچەش لێزمەباران دەبارێت. دەشڵێت، "سبەینێ کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لاواز دەبێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، کاریگەرى بارانبارین و شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە نیوەڕۆ دووبارە بارانبارین دەست پێدەکاتەوە، لە دواى نیوەڕۆ رێژەى بارانبارین زیاد دەکات بۆ لێزمەبارانى ناوبەناو و کاریگەریی ئەم کەشە ناسەقامگیرە تا کاتەکانى شەو درەنگ دەمێنێتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕین، کاریگەریی شەپۆلى باران بارین بەردەوام دەبێت، لە دواى نیوەڕۆ بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانى سنوورى ئەو ناوچانە دەست پێدەکات، بارانبارین مامناوەند دەبێت و بارانبارینى بە لێزمە لەسەر بەشێک لە ئیدارەى راپەڕین و باکوورى پارێزگاى سلێمانى دەبێت و هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت.

باس لەوەش کراوە، لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، ئاسمان زیاتر نیمچەهەور دەبێت و کاریگەرى بارانبارین لەم ناوچانە بە شێوەى نمەبارانى پچڕپچڕ لەسەر هەندێک ناوچە لە هەندێک کاتدا دەبێت .

راشیگەیاندووە، لە ئیدارەى گەرمیان و پارێزگاى کەرکوک، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و ئەگەرى نمەباران لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ هەیە، لە کاتەکانی شەویشدا کاریگەرى بارانبارین زیاد دەکات و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند.

سەبارەت بە کەشی سبەینێ دووشەممە کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، شەپۆلى بارانبارین بە گشتى لاواز دەبێت و ئاسمانى هەرێم نیمچەهەور دەبێت، بارانبارین بە شێوەى نمەباران و هەندێک کات بارانى مامناوەند لە سەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، بەڵام لە سەنتەرى پارێزگاکان نمەباران و هەندێک کات هەورە تریشقەش دەبێت .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: ٢٠ پلەى سیلیزى

سلێمانی: ١٩ پلەى سیلیزى

دهۆک: ٢٣ پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: ٢٠ پلەى سیلیزى

کەرکوک: ٢٣ پلەى سیلیزى

گەرمیان: ٢٦ پلەى سیلیزى

زاخۆ: ٢٥ پلەى سیلیزى

سۆران: ١٥ پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران : ١١ پلەى سیلیزى













گەلەری