سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، راگرتنی هەناردەکردنی غازی روسیا لە رێگای ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا، گەورەترین شکست دەبێت كە مۆسکۆ رووبەرووی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، بەپێی ماڵپەری کیێڤ ئیندپیندنت، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، راگرتنی هەناردەکردنی غازی روسیا لە رێگای ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا، گەورەترین شکست دەبێت كە مۆسکۆ رووبەرووی دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، کاتێک ڤلادیمێر
پوتین سەرۆکی روسیا، پێش ٢٥ ساڵ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتە دەست، ساڵانە زیاتر لە ١٣٠
ملیار مەتر سێجا غازی لە رێگای ئۆکرانیا هەناردەی ئەوروپا دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەو
بڕە پارەیە بووەتە سفر، ئەوەش گەورەترین
شکستە.
ئەوە لەكاتێكدایە، کۆمپانیای گازپرۆمی روسی،
هەناردەكردنی غازی بۆ ئەوروپا لە رێگای خاکی ئۆکرانیاوە راگرت و هۆکارەكەی گەڕاندەوە
بۆ کۆتاییهاتنی گرێبەستی گواستنەوەی غاز لە رێگای ئۆكرانیاوە، كە گرێبەستە لە ساڵی
٢٠١٩ واژۆکراوە و نوێ نەكرایەوە.
هاوکات، لە دوای شەڕی روسیا دژی ئۆکرانیا
لە ساڵی ٢٠٢٢، یەکێتی ئەوروپا پشتبەستنی بە غازی روسیا کەمكردەوە، ئەوەش بوە هۆی بەرزبوونەوەی
نرخەکانی بۆ بەرزترین ئاستی خۆی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە سەرانسەری ئەوروپا.
پێشتر، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا هەفتەی
پێشوو رایگەیاند، کاتی پێویست نەماوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بە مەبەستی
گواستنەوەی غاز لە رێگای ئۆکرانیاوە، هەروەها کیێڤیشی تۆمەتبارکرد بەوەی کە
"دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کارە لە ئەستۆ بگرێت"، چونکە رەتیکردەوە رێککەوتنەکە
درێژبکاتەوە.