سەردێڕ:

پاڵاوتگەکانی باشوور: هاوشێوەی سووتەمەنی فڕۆکەوانی نەوتی سپیش هەناردە دەکەین

PM:06:54:12/10/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای پاڵاوتگەکانی باشوور رایگەیاند، بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتی نەوتی سپی و سووتەمەنی فڕۆکەوانی هەناردەی دەرەوەی عێراق دەکەین. دەشڵێت، " پاڵپشتی حکومەت دەکەین بۆ راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین لە ساڵی داهاتوودا".


ئەمڕۆ شەممە، حوسام وەلی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوتگەکانی باشوور رایگەیاند، کارکردن لە چوارەمین یەکەی پاڵاوتن لە کۆمپانیاکەدا کە توانای پاڵاوتنی ٧٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە، دەستی پێکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێکردنەوەی کارکردن لەو یەکەیەدا یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمەکاندا بەتایبەت نەوتی سپی.

باسی لەوەش کرد، لە پلانیاندایە هاوشێوەی سووتەمەنی فڕۆکەوانی، دەست بە هەناردەکردنی نەوتی سپیش بکەن لە پاڵاوتگەکەوە بۆ دەرەوەی عێراق.

ئەوەشی خستە روو، رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن سووتەمەنی فڕۆکە لە پاڵاوتگەکەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بڕیاریشە لە یەکەم کاروانی هەناردەکردنی نەوتی سپی بە نزیکەی هەزار تۆن کە دواتر بڕەکەی زیاد دەکرێت، لە بەسڕەوە بۆ میسر هەناردە بکرێت.

راشیگەیاند، پاڵپشتی هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن بۆ راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین لە ماوەی ساڵی داهاتوودا، ئەوەش لەڕێگەی کارپێکردنی سەرجەم یەکەکانی پاڵاوتگەکەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٨ـی ئەم مانگەوە، عێراق دەستی کردووە بە هەناردەکردنی سووتەمەنی فڕۆکەوانی و رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن هەناردە دەکرێت.














گەلەری