AM:07:59:09/10/2024
2468 جار خوێندراوەتەوە
دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کرد، لە ئێستاشدا نرخی ئەو زێڕە رەشە ناجێگیرە و رۆژانە گۆڕانی نرخەکەی لەنێوان دوو بۆ سێ دۆلاردایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٧ دۆلار و ٥٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات،
یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٣ دۆلار و ٨٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخی هەریەک لە نەوتی برێنت و رۆژئاوای تەکساس سێ دۆلار دابەزیون.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی نێو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاوی کردەوە، رێکخراوەکە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئاماژە بەوەش کراوە، رێکخراوەکە لە کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا هەیەتی.
لە ماوەی رابردوودا، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی پێنج ملیۆن و ٨٦ هەزار بەرمیل کەم کردەوە و ئەو کەمکردنەوەیە تاوەکو کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر بەرهەمهێنانی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکەن.