سەردێڕ:

لە حەوت مانگدا؛ عێراق زیاتر لە ٥٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا ناردووە

PM:04:00:07/10/2024

848 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا، عێراق زیاتر لە ٥٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی رەوانەی ئەمریكا كردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، كارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریكا خشتەی نەوتی هاوردەكراوی بۆ وڵاتەکەی بڵاو كردەوە، بە گوێرەی خشتەكەش، لە حەوت مانگی رابردوودا عێراق بڕی ٥٤ ملیۆن و ٩٠٧ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریكا كردوە.

بە گوێرەی خشتەكە، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تەمموزدا، هەشت ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل بووە كە ئەوەش زیاتر بووە لەو بڕەی لە مانگی حوزەیراندا هەناردەكراوە.

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، رێژەی هەناردەکردنی نەوت لە چەند مانگێکدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

بەرزبوونەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریكا بەهۆی زیادبوونی خواستی جیهانییە لەسەر نەوت و بەشێكیش پەیوەندیدارە بە توانای عێراق بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت.













گەلەری