سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی جەنگی نێوانیان تێدەپەڕێت

PM:03:18:07/10/2024

1208 جار خوێندراوەتەوە

ساڵێک بەسەر هێرشى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێدەپەڕێت، ئەو هێرشەی ئاگرێکی گەورەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و تا ئێستاش بڵێسە دەسێنێت، دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون کە زۆرینەیان کەسانی مەدەنین.


سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکەى ٧ـی ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووى حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەى ئەو ساڵەدا ٧٢٦ سەربازیان کوژراوە و چوار هەزار و ٥٦٧ سەربازی دیکە بریندار بوون، ١٣ هەزار موشەک لە کەرتى غەززەوە، ١٢ هەزار لە لوبنانەوە، ٦٠ موشەک لە سوریاوە، ١٨٠ موشەک لە یەمەنەوە و لە ئێرانیشەوە ٤٠٠ موشەک ئاڕاستەى ئیسرائیل کراون.

سوپاى ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەى هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتى غەززە، چوار هەزار و ٧٠٠ دەروازەى تونێل دۆزراونەتەوە، هەزار شوێنى هەڵدانى موشەک و ٤٠ هەزار ئامانجى دیکەیان بۆردوومان کردووە.

لە بەرامبەردا میدیاکانى فەڵەستین بڵاویان کردەوە، لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا زیاتر لە ٤١ هەزار فەڵەستینى کوژراون و ٩٧ هەزارى دیکەش بریندار بوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

لە دوای یەک ساڵ و لە بارەی مەترسییەکانی فراوانبوونی ئاگری شەڕەکە، وڵاتان هەوڵەکانیان بۆ راگرتنى جەنگە خوێناوییەکە دەدەن و دەیانەوێت ناوچەکانى دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پریشکی ئاگرى جەنگەکە نەسوتێت.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە سەرەڕای زیانە مرۆییەکەی، زیانێکی ئابووری و ژینگەیی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەگەر چی کاردانەوە جیهانییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامە و وڵاتان داوای راگرتنی جەنگ دەکەن، بەڵام هێشتا ئاگری جەنگ لە کڵپەدایە.

بەیانی ئەمڕۆش کامالا هاریس، جێگرى سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتى رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە فشار خستنەسەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەر، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان رابگەیەنێت.













گەلەری