سەردێڕ:

'ئۆپیک پڵەس بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت'

PM:05:27:02/10/2024

1068 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی نێو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاوی کردەوە، رێکخراوەکە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی نێو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە ئاماژەی بەوە کرد، رێکخراوەکە لە کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی کە هەیەتی.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی رێکخراوەکەدا هیچ بڕیارێکی گرنگ نەدراوە و تەنها جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە ئەندامان پابەند بن بە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتەی بۆیان دیاری کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو هەریەک لە عێراق و روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوێت و عومان رایانگەیاند، بەشێوەیەکی خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنە بازاڕدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کەمدەکەنەوە.

ئەمڕۆش، بەهۆی گرژییەکانی دوێنێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لە ئێستاشدا بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٤ دۆلار و ٨٤ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەراورد بە دوێنێ سێ دۆلار لە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.













گەلەری