لە ئێستادا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ١٠٠ دۆلار لە سەروو ١٥٣ هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، گۆڕانکاری بەسەر نرخی دراو و نەوتدا هات و هەردووکیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.
لەئێستادا لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێم، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٣
هەزار و ٣٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەکاتێکدا دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٢ هەزار و ٢٥٠ دینار بوو.
شەوی رابردوو، ئیسماعیل محەمەد ئاڵوگۆڕکار و شارەزای بواری ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە
بازاڕی دراوەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەرزبوونەوەی
نرخی دۆلار دەکەن بۆ ١٥٦ هەزار دینار دوورن لە راستییەوە.
وتیشی، هێرشەکەی
ئێران بۆسەر ئیسرائیل رەنگە کەمێک گۆڕانکاری بەسەر نرخی دۆلاردا بهێنێت، بەڵام بەهۆی
ئەوەی ئەو هێرشانە هیچ کاریگەری لەسەر عێراق نییە و بانکی ناوەندیش رۆژانە بڕی پێویست
دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و خواستی بازرگانان پڕ دەکاتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەوجۆرە
ئەستەمە.