سەردێڕ:

نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ١٥٦ هەزار دینار؟

PM:11:07:01/10/2024

15284 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری ئاڵوگۆڕی دراوەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی دۆلار کە لە ئێستادا و لە چەند شوێنێک روویداوە فەرمی نییە و هیچ هۆکارێک نییە کە نرخی ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٥٦ هەزار دینار.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسماعیل محەمەد، ئاڵوگۆڕکار و شارەزای بواری ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە بازاڕی دراوەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو بەرزبوونەوەیە لەناکاوەی نرخی دۆلار لە چەند شوێنێکی هەرێم، فەرمی نییە و تەنها چەند گروپێکن کە لە دەرەوەی بازاڕی دراوەکان لە سوودی خۆیان دەستکاری نرخی دۆلار دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هۆکارێک نییە وا بکات نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٥٦ هەزار دینار بەرز ببێتەوە، بەوپێیەی بانکی ناوەندیی عێراق ماوەی چەندین هەفتەیە داواکاریی پێویستی بازرگانانی پڕ کردووەتەوە و رۆژانە بە تێکڕا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەداتە بازرگانان، هەر بۆیە بازرگانان پێویستیان بەوە نییە بچنە بازاڕەکان بۆ کڕینەوەی دۆلار.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی بازاڕی دراوەکان لە هەرێم داخراوە، هیچ ئەگەرێک نییە کە خواستی هاوڵاتیان ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەوپێیەی ئەگەر هاوڵاتیان پێویستیان بە دۆلار بێت، دەتوانن لە بانکی ناوەندی یاخوود لە بازاڕی دراوەکان دۆلار بکڕن.

باسی لەوەش کرد، هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رەنگە کەمێک گۆڕانکاری بسەر نرخی دۆلاردا بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو هێرشانە هیچ کاریگەری لەسەر عێراق نییە و بانکی ناوەندیش رۆژانە بڕی پێویست دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و خواستی بازرگانان پڕ دەکاتەوە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار ئەستەمە.

وتیشی، هەندێک گروپ کە لە دەرەوەی بازاڕی دۆلارەکان و دوور لە چاودێری بانکی ناوەندی کار دەکەن، بە شێوەیەکی نافەرمی دەستکاری نرخی دۆلار دەکەن، ئەوەش کاریگەری ئەوتۆی لەسەر نرخی دۆلار نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕی دراوەکان لە هەرێم، ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا.

ئیحسان سابیر - سلێمانی













گەلەری