سەردێڕ:

کۆمسیۆن: لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات

PM:12:28:24/09/2024

2444 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی دیاریکرد و رایگەیاند، لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە بانگەشە دەستپێدەکات و تاوەکو ١٥ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

کۆمسیۆن داواش دەکات، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان پابەندی سیستمی بانگەشە بن، دەشڵێت، "خوازیارین بانگەشە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و دوور بێت لە توندوتیژی و ناوزڕاندن و رق و کینە".

کۆمسیۆن داواش دەکات، بانگەشە بە ئاڕاستەیەک بێت سەرجەم لایەنەکان بتوانن رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن بۆ داندانی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردنی دەنگدان.

کۆمسیۆن سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری هونەری.

بڕیارە لە ٢٠ی مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە دواخستنی بەڕێوەبچێت و تیایدا ١٠٦ لیست و هەزار و ١٩١ کاندید بەشدار دەبن، کە ٨٢٣ کاندیدیان لە رەگەزی نێر و ٣٦٨ کادیدیشیان لە رەگەزی مێن، هەروەها ٣٨ کاندیدیش لە پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمدان.














گەلەری