سەردێڕ:

کوژرانى شەش بارمتە لە غەززە؛ شەقامەکانی ئیسرائیلی پڕ کردووە لە داواکاری بۆ ئاشتی

PM:09:05:02/09/2024

1900 جار خوێندراوەتەوە

کوژرانى شەش بارمتە لە غەززە شەقامی ئیسرائیلی پڕکردووە لە خۆپیشاندەر و فشارەکانى لەسەر حکومەتى ئەو وڵاتە زیادکردووە بۆ وەستانی جەنگ و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ئەمریکاش هێشتا هیواى گەیشتن بە ئاگربەستى لەدەست نەداوە.


کاردانەوەکانی کوژرانی شەش بارمتەکەی ئیسرائیل لە غەززە تا دێت فراوانتر دەبێت و خۆپیشاندانی بەرفراوان دەستیپێکردوە و هاوڵاتیان رژاونەتە سەر شەقامەکان و بەردەم دامودەزگا حکومییەکانی وڵاتەکە.

ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، ژمارەی خۆپیشاندەران دەگاتە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەى بارمتەکان دەکەن لە غەززە کە ژمارەیان ١٠١ بارمتەیە.

ئاماژە بەوەش کراوە، خێزانی بارمتەکان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و هاوکات سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانى ئیسرائیل داوای مانگرتنی لە سەرجەم دەستە و سەندیکاکانی دیکەی ئیسرائیل کرد، بۆئەوەی فشار بخەنە سەر سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، تاوەکو رێککەوتنی ئاڵوگۆری بارمتەکان لەگەڵ حەماس بکات و بیانگەرێنێتەوە.

لەو بارەیەوە میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەهۆى مانگرتنى کارمەندانەوە لە فڕۆکەخانەى بن گۆریۆن لە تەلئەبیبی پایتەخت، گەشتەکانی دەرچوون جگە لە گەشتە زۆر پێویستەکان راگیراون و چاوەڕوانیش دەکرێت تا کاتێکى نادیار بەردەوام بێت.

لایخۆشییەوە، بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆک وەزیران رایگەیاند، جەنگی غەززە کۆتایی پێناهێنن و بەرپرسیارانی کوشتنى بارمتەکان بە سزا دەگەیەنن، لەبەرمابەردا بەرپرسی باڵای حەماسیش دەڵێن، ئیسرائیل هۆکاری کوژرانی بارمتەکانە بە رەتکردنەوەی واژۆکردن لەسەر ئاگربەست.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاوی کردەوە، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بۆ ٤٠ هەزار و ٦٩١ گیانلەدەستدان و ٩٤ هەزار و ٦٠ برینداربوون لە غەززە تۆمار کراوە.

هەرچى ئەمریکاشە هێشتا هیواى لەدەستنەداوە و چاوی لەوەیە هەوڵەکانى ئاگربەست سەربگرێت. لەو بارەیەوە جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بە کەسوکاری ئەو بارمتە ئەمریکییانەى لە غەززە دەستبەسەرن راگەیاند، جۆ بایدن لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازی کۆتایی پێشکەشی ئیسرائیل و حەماس دەکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆرکردنی بارمتەکانی هەردوولا.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دوو گەڕی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە ، لە قەتەر و میسر بێ ئەنجام کۆتایی هات و لە ئێستاشدا جگە لە وڵاتان دانیشتوانی ئیسرائیلیش داوای ئاگربەست دەکەن و رۆژى شەممە سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە تونێلێکى شارى رەفەح تەرمی شەش بارمتەیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان هاوڵاتى ئەمریکا بوو.













گەلەری