سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن رایگەیاند، بەهۆی لافاو و بارانەوە لە وڵاتەکە ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ هەینی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە پارێزگای ئەلمحویت ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
باسی لەوەش کردووە، بەهۆی بارانەوە سێ پردی گەورە لەو پارێزگایە
رووخاون و ١٧ کەسیش تاوەکو ئیستا بێسەروشوێنن.
ئەوەشی خستووەتە روو، لافاوەکە ٤٠ خانووی رووخاندووە و زیانی ٢٣٠
خانووی دیکە گەیندووە و ١٠ هەزار و ٢٠ خێزانیش زەرەرمەند بوون و چەندان رێگای سەرەکی
پارێزگاکە داخران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە مانگێکە بارانێکی بەخوڕ و لافاوێکی
بەهێز رووی لە یەمەن کردووە و پاریزگاکانی ریمە و حجە و ئەلحدیدە زۆرترین زیانیان
پێگەیشتووە.