سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە راگیراون

AM:10:48:27/08/2024

1072 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەی دیر ئەلبلح لە ناوەڕاستی غەززە رێکخراوەکە ناچار بووە هاوکارییە مرۆییەکانی لە غززە رابگرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی کارمەندەکانی لە ناوجەی دیر ئەلبلحن و لە ئێستادا ئەو ناوچەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە چۆڵ دەکرێت هاوکاریییەکانیان رادەگرن.

ئەوەشی خستە روو، سەرجەم هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناچاری راگیراون و کارمەندەکانیان لە شوێنەکانی خۆیان نەماون.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو کەسانەی کردەوە کە لە دیر ئەلبلح نیشتەجێن ناوچەکە چۆڵ بکەن و بڕۆن بۆ رەفەح و دواتر ناوچەکەی بە چڕی بۆردوومان کرد.

لەبارەی هەوڵەکانی ئاگربەستیشەوە پێشتر، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای میسرەوە رایگەیاند، نە حەماس و نە ئیسرائیل لەسەر زۆرێک لەو چارەسەرانە نەگەیشتنە رێککەوتن کە نێوەندگیرەکان پێشکەشیان کردبوو.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی رۆیتەرز دەستیکەوتووە، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان لەسەر رێرەوی نتساریم و فیلادلفایە کە ناسراوە بە (سەڵاحەدین) بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل هێزێکی زۆری گواستووەتەوە بۆ ئەو ناوچانە و باشور و باکوری ‌غەززەی کردووە بە دوو بەشەوە، حەماسیش داوای کشانەوەی ئەو هێزانە دەکات و ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت لە دەروازەی ڕەفەح و ڕێڕەوی فیلادلفیا و نەتساریم ناکشێینەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاگری شەڕ زیاتر لە ١٠ مانگە لە غەززە دەچێت بە ئاسماندا و بەهۆیەوە بە ملیۆنان هاوڵاتی ئاوارە بوون و زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسیش کوژراون، هیواکانیش بۆ کۆتایی شەڕەکە بە نادیاری ماوەتەوە.














گەلەری