سەردێڕ:

وڵاتانی جیهان بۆ رێگریکردن لە گەرمبوونی زەوی رێکارێکی نوێ دەگرنە بەر

PM:12:50:16/08/2024

1520 جار خوێندراوەتەوە

لە پاڵ هەوڵی حکومەتەکان بۆ ڕێگرتن لە گەرمبونی زیاتری گۆی زەوی کە پێشبینی کراوە درێژخایەن بێت، ئێستا باس لە ڕێکارێکی تر دەکرێت کە خێراتر و ساکارترە، ئەویش سارکردنەوەی زەوی یە لە ڕێگەی بەکارهێنانی گەردیلەکانی گۆگردەوە.


ئەو ڕێکارەش خۆی لە سنوردارکردنی تیشکی خۆر دەبینێتەوە کە بە جیوئەندازیاریی خۆر یان ئەندازیاریی کەشوهەوا دەناسرێت، ئەوەش وەک هەوڵێکی کاتیی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو گازانەی ناو بەرگەهەوا کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی.

لەو نێوەندەدا ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار کۆمپانیای ئەمریکی میک سانسیستس ژمارەیەک باڵۆنی پڕ لە گەردیلەی کبریتاتی هەڵدایە بەرگەهەوای زەوی، بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی بە پێچەوانەکردنەوەی ئاڕاستەی ڕووناکی خۆر، ڕێکارە نوێیەکەی ئێستاش ئەوەیە هەندێک کۆمپانیا پلانیان هەیە ملیاران گەردیلەی گۆگرد بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن و لە چینی سەرەوەی بەرگەهەوای چواردەوری زەوی جێگیری بکەن.

ئەو بیرۆکەیەش بووتە جێگەی سەرنج و گرنگیپێدان، بەو پێیەی هەرزانترین شێوازە و ئەنجامدانیشی هێندە ئاڵۆز نیە و خۆی لە کەمکردنەوەی کاریگەریی تیشکی خۆر دەبینێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیرۆکەیە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکانی و جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی تاکلایەنانە.

لەو چوارجێوەیەدا توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری پێشکەوتنی زانستەکانی زەوی و بۆشایی ئاسمانلە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر پرۆسەیەکی لەو جۆرە ئەنجامبدرێت، ئەوا دەبێت بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر لەناکاو بوەستێت، ئەوا بەرزبوونەوەی خێرا و وێرانکەری پلەکانی گەرما ڕوودەدات.

بەوتەی زانایان ڕەنگە جێگیرکردنی گۆگرد لە بەرگەهەوای زەوی ببێتە تەنکردنەوەی چینی ئۆزۆن و گۆڕانی چاوەڕواننەکراو لە کەشوهەوای زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕووبدات.

ئەوە لە کاتێکدایە گۆڕانی کەشوهەوا تادێت زیاتر دەبێت و لەگەڵیشیدا ناهاوسەنگی ژینگەیی دروستبووە، هەوڵەکانیش بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ ساڵی ٢٠١٥ لە پێناو دابەزاندنی بۆ دوو پلەی سەدی هەر لەسەر کاغەز ماوەتەوە قەیرانی دەرچوونی گازە کاربۆنییەکان بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی کە بەرپرسی یەکەمن لە دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی زەوی درێژەی هەیە.

پرسیارەکەش لەوەدایە کە ئایا ئەو ڕێکارە نوێیە دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە مەترسی گەرمبوونی هەسارەکەیان، یان دەبێت ڕێکارە کۆنەکە بە کەمکردنەوەی چالاکییە مرۆییەکان بگیرتەبەر، کە بۆ ئەو مەبەستە هەر جارەی سەرۆکی وڵاتان لە لوتکەیەکدا کۆدەکاتەوە.













گەلەری