سەردێڕ:

کۆمسیۆن: تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە حزب و هاوپەیمانێتییەکان ئەنجام دەدەینەوە

PM:05:52:27/07/2024

3096 جار خوێندراوەتەوە

وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگه‌یاند، له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی ئابدا جارێكی دیكە‌ تیروپشك بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانێتی و حزب و لیست و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان ئەنجام دەدرێتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، كۆمسیۆن جارێكی دیكه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابدا، تیروپشك بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانی و حزب و لیست و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان ئەنجام دەداتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری به‌سه‌رپه‌رشتی بەرپرسی ئیداری هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق له‌ كۆمسیۆن پێكهێنراوه‌ و لە ئێستاشدا كۆمسیۆن سه‌رقاڵی وردبینییه‌ بۆ ناوی ئەو كاندیدانه‌ی کە خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

باسی لەوەش کرد، هه‌ر كاندیدێك مه‌رجه‌كانی كۆمسیۆنی تێدانه‌بێت دوورده‌خرێته‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌كه‌ و هه‌تا ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش ته‌واو نه‌بێت نازانن ژماره‌ی ته‌واوه‌تی كاندیده‌كان چه‌ند دەبێت، بۆیە کاتی ئاشکراکردنی ناو و ژمارەی کاندیدەکان دەخەنە چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی تیروپشکەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، كۆمسیۆن له‌ڕێگه‌ی نوسینگه‌كانییه‌وه‌ لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم خولێکی له‌باره‌ی چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌كه‌ و به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی ده‌نگدان و پێدانی رێنمایی به‌ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر کاغەزی ده‌نگدان بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانی كردووه‌ته‌وه‌.

جومانە غەلای وتیشی،" له‌ رووی هونەرییەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە وادەی خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش دەرگای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنمان بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەردا بەڕێوە دەچێت، جیاوازترین هەڵبژاردنە لە مێژووی هەرێمدا، بەوپێیەی یەکەمین هەڵبژاردنە بە فشاری نێودەوڵەتی و لە دەرەوەی ویستی پارتی و یەکێتی، بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت.

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی – سلێمانی













گەلەری