سەردێڕ:

شاندی عێراق لە هەرێمە؛ ئەمڕۆ دەست بە وردبینى لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان دەکرێت

PM:12:06:10/07/2024

8040 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێم رایگەیاند، دوای ئەوەی شاندێکی لیژنەی دارایی و چاودێری دارایی عێراق گەیشتە هەولێر، لەمڕۆوە دەستدەکەن بە وردبینىکردنی لیستى مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگەى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لیژنەى چاودێرى دارایی عێراق ئەمڕۆ دەست دەکات بە وردبینى لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەو شاندە تایبەت دەبن بە هەڵسەنگاندنی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و بەراوردکردنی لیستی مووچەکانیان بەراورد بە سێ مانگی رابردوو، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە سێ مانگ جارێک لەلایەن لیژنەی چاودێری داراییەوە چاودێری و وردبینی گۆڕانکارییەکان دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم لە ٩٣ رۆژى رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە و وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتى کاربەرێکەر بە تەواوی و بێ کەموکوڕی لیستى مووچەى ئەو هێزانەى ئامادە نەکردووە، بۆیە پێویستى بە وردبینى زیاتر هەیە.













گەلەری