سەردێڕ:

تەوژمێکی جیهانی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن وڵاتانی گرتووەتەوە پارتەکانی دەسەڵات دەڕوخێن

PM:10:07:09/07/2024

1656 جار خوێندراوەتەوە

ساڵ ساڵی ئۆپۆزسیۆنە لە جیهان، ئەمساڵ لە ٦٤ وڵات هەڵبژاردن کراوە یاخود دەکرێت، لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکیش ئۆپۆزسیۆن شکست بە دەسەڵات دەهێنێت و یەک بە دوای یەک پارتەکانی دەسەڵات لە وڵاتان خۆریان ئاوا دەبێت.


لەمساڵدا لە هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و کۆریای باشوور و باشووری ئەفریقا و نەمسا هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و لە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پارتی دەسەڵاتی لە حکومڕانی هێناوەتە خوارەوە.

بەجۆرێک لە هەڵبژاردنەکەی بەریتانیا لە کۆی ٦٤٩ کورسی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن توانی ٤١١ کورسی بەدەستبهێنێت و پارتی دەسەڵات دوچاری گەورەترین شکست بکات لە مێژووی دوو سەدەی رابردووی بەریتانیادا.

هەرچی لە هەڵبژاردنەکەی فەرەنسایە پارتی ئۆپۆزسیۆن بە چەندان کورسی پێش پارتی دەسەڵات کەوت و کۆشکی ئیلیزێ لە دەسەڵات وەردەگرێتەوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیاش پارتی راستڕه‌وی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن توانی ٥٢٪ـی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و حکومڕانی ئیتاڵیا لە پارتی دەسەڵات وەربگرێت.

لە هەڵبژاردنەکانی کۆریای باشوور و باشووری ئەفریقاشدا، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و کۆتاییان بە حکومڕانی پارتەکانی دەسەڵات هێنا.

هاوشێوەی وڵاتانی زلهێزی جیهان، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەكرێت حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم توشی شكستێکی گەورەبن و لەبەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، بەتایبەت نەوەی نوێ کە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢١ لە ناوەندی هەولێر و سلێمانی پێش پارتی و یەکێتی کەوت و چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بە یەکجاری پێش دەسەلات بکەوێت، بەجۆرێک تەنها ١٠٪ـی زیاتری دەنگدەری ناڕازیی هەریم بچنە دەنگدان دەتوانرێت کورسی دەسەڵات بە پارتی و یەکێتی لەق بکرێت.

هاوڵاتیانی هەرێمیش باس لەوە دەکەن، لەم هەڵبژاردنەدا تۆڵە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکەنەوە، چونکە بە درێکی حکومڕانیان نەیان توانیوە خزمەتی هاوڵاتیان بکەن و مافە سەرەتاییەکانی ژیانیش کە ئاو و کارەبا و مووچەن بۆیان دابین نەکراوە.













گەلەری