سەردێڕ:

بڕی ٤٤٣ ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم

PM:05:33:15/05/2024

10248 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی ٤٤٣ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی ٤٤٣ ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاوی کردەوە، لە ئەمڕۆدا دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەست پێدەکات.

رۆژی رابردووش، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی ١٦٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە.

 













گەلەری