سەردێڕ:

مژدە مەحمود: دەسەڵات مووچەی چوار مانگی رابردووی مووچەخۆرانی دزیوە

PM:12:25:11/02/2024

2656 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لەناو خۆپیشاندانەکانەوە لە رانیە رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی مامۆستایان و مووچەخۆران بۆ داواکردنی مافەکانیان، چونکە ئەم دەسەڵاتە زوڵم لە میللەت دەکات و سەرەڕای فرۆشتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە و داهاتی ناوخۆ و وەرگرتنی باج لە هاوڵاتییان، مووچەی مووچەخۆرانیش دەدزێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، مژدە مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران و پێویستە ئەم خۆپیشاندانانە فراوانتر بکرێن.

ئەوەشی خستە روو، ئەم دەسەڵاتە زوڵم لە میللەتی خۆی دەکات، چونکە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و هەروەها سەرەڕای هەبوونی داهاتی ناوخۆ و وەرگرتنی زیاتر لە ٤٠٠ جۆر باج لە هاوڵاتییان، بەڵام مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران دەدزێت.

باسی لەوەش کرد، "حکومەتی کاربەڕێکەر بەغدا تۆمەتبار دەکات بە نەناردنی مووچەی مووچەخۆران و بۆ نەوت و مووچە روو لە بەغدا دەکات کەواتە ئەم حکومەتە خۆی کاری چیە؟".

ماوەی پێنج مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامە و لە چەندین ناوچە تاوەکو ئێستا دەست بە پرۆسەی خوێندن نەکراوەتەوە و لە هەندێک ناوچەش تەنها ماوەی سێ هەفتەیە پۆلی ١٢ و ٩ دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە، کە وەک خوێندکاران باسی دەکەن، لە یەک وانەدا سێ بۆ چوار بابەتیان بۆ باسدەکرێت و فریای تێگەیشتن لە بابەتەکان ناکەون. جگە لەوەی ئەو دوو پۆلە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان هەیە.















گەلەری