نزیک کاتژمێر نۆی شەوی رابردوو لە سۆران، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیکە بریندار بوون، کە بەشێکی زۆریان خوێندکار و مامۆستای زانکۆی سۆران بوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و وتەی رەجەب زوبێر قائیمقامی قەزای سۆران هۆکاری رووداوەکە شۆڕتی کارەبا بووە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە.
لەو بارەیەوە، کامەران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،
بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئاگرەکەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی
گشتی سۆران بۆ ١٤ کەس بەرزبووەتەوە کە ١٠ کەسیان پیاو و چوار کەسی دیکەیان ژنن.حەوت کەسی دیکەش برینداربوون. کە سیانیان کارمەندی بەرگری شارستانی سۆرانن و لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا برینداربوون یان دۆخی تەندروستییان تێکچووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەوە کەوتووەتەوە و دواتر تەشەنەی سەندووە بۆ نهۆمەکانی دیکەی باڵەخانەکە.
بەرگری شارستانیش بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئاگرەکە سەرەتا بچوکبووە و دانیشتووانی باڵەخانەکە ویستوویانە کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام کەرستەی پێویستیان نەبووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
باسی لەوەشکرد، باڵەخانەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوە و پلیکانەی رزگاربوونی لە پشتی باڵەخانەکە نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەرستەکانی ناو باڵەخانەکە ئاسان بوون بۆ سوتان و دەرفەت رزگاربوونی کەسەکانی نهۆمەکانی سەرەوە نەبووە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان.
چاوگێکیش لە بەرگری
شارستانی سۆران رایگەیاند، بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە شەش کارمەندی تیمەکە تووشی هەناسەتەنگی
بوون.
دوا بەدوای رووداوەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سنووری
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند.
لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە چەند مامۆستا و خوێندکارێکی
زانکۆی سۆران هەن و بەشێکی دیکەشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
سەرۆکایەتی زانکۆی سۆرانیش رایگەیاند، مامۆستایەکی زانکۆی سۆران، قوتابییەکی
دکتۆرا و قوتابییەکی ماستەر گیانیان لەدەستداوە و مامۆستایەکی دیکەش بریندارە.
لەلایەکی دیکەوە
ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق ئامادەیی بۆ هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی
بریندارەکان دەربڕی.
لە رووداوەکەدا
دوو هاوسەر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان خوێندکاری ماستەر بوو لە بەشی زمانی عەرەبی
زانکۆی سۆران و هاوسەرەکەشی مامۆستای خوێندنگەیەکی نێودەوڵەتی بوو.
وێنەی بەشێک لەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا