سەردێڕ:

ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا و مەلیکە چی لێدێت؟

PM:04:35:18/07/2021

25456 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ماوەی یەک ھەفتە وەک مۆڵەت دەدرێتە ئەوکەسانەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتایان ھەیە، دوای ئەو ماوەیە، ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن رێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعدوڵا عەزیز بەڕێوبەری پۆلیسی ھاتووچۆی ناوشاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ھەواڵیدا رایگەیاند، "لە ١٨ی ئەم مانگەوە تا ٢٤ی ئەم مانگە مۆڵەتی یەک ھەفتە دەدرێتە ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی، کە ژمارەی نایاساییان ھەڵواسیوە و جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەشکردووە، یان پەردەیان ھەڵواسیوە، چونکە لە ھەفتەی ئایندەوە کاری یاساییان بەرامبەر دەکرێت و چاوپۆشیی لە ھیچ کەسێک ناکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رێکارانە بۆ ئەوەیە، کە بتوانین ناوشار ڕێک بخەینەوە رێگریی بکەین لەو سەرپێچیانەی، کە دەکرێت، چیتر رێگە نەدەین خەڵکانێک بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوت بکەن.
وتیشی، "ئەوکەسانەی پێشتر فۆڕمیان بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیان پرکردووەتەوە تەنھا بەئامانجی سەرژمێری کردن بووە و کەسیش بەڵێنی پێنەدراوە ژمارەی پێبدرێت".

ماتۆڕسکیل
لەبارەی ماتۆڕسکیلەکانەوە، سەعدوڵا عەزیز باسی لەوەشکرد، داوامانکردووە ژمارەیان پێبدرێت تابتوانین باشتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. دوای پێدانی ژمارە، ھەرکەس ھۆکارەکانی پاراستنی سەلامەتی بەکاربھێنێت رێگەی پێدەرێت ماتۆڕسکیل بەکاربھێنێت.

چەکی نایاسایی
لەھەمان کاتدا، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، ماوەی یەک ھەفتە دراوە بەوکەسانەی چەکی نایاساییان ھەگرتووە دوای تەواوبوونی ماوەکە کەسەکان رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە. 
دەشڵێت، ھێزەکان لە شوێنەکان و سەرشەقامەکانی سلێمانی ئامادەییان دەبێت و رێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەوکەسانەدا دەگرنەبەر کە سەرپێچییەکان ئەنجامدەدەن.
باسی لەوەشکرد، جگە لەوکەسانەی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی ھڵگرتنی چەکیان پێدراوە، ھەرکەس دوای دەوام بگیرێت و چەکی خۆشی پێبێت رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر. 












گەلەری