پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، بەشێک لەو خۆراکانەی لە بەغداوە نێردراونەتە هەرێم لێی دزراوە و دابەشنەکراوە، یەکێک لەو نمونانەش ئەو برنجە کوالیتی بەرزە بووە کە بەغدا بە دیاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی ناردووە لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوودا بەڵام یەک دەنکی دابەشنەکراوە.
موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، سەبارەت بە پرسی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان و کەمتەرخەمییەکانی بەردەمی وەک خراپی لە جۆرێتی و هەڵگرتن و بارکردن و گواستنەوەیدا رایگەیاند، "خۆراکی ژاهراوی و پیس و ماوە بەسەرچوو و رێککەوتی ساختە و فڕێدراوی وڵاتانی دیکە دراوە بە هاوڵاتیان."
ئەوەشی خستەڕوو، "لەماوەی
رابردوودا ئەو خۆراکانەی دەنێردران لێی دەدزرا و دەنێردرایە بازاڕەوە و دەفرۆشرا،
لەمانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢١دا برنجێکی کوالێتی بەرز کە هەر فەردەیەکی ٢٥ کیلۆبوو هەموو
هاوڵاتییەک لە حکومەتی عێراقەوە یەک کیلۆ برنجی بە دیاری بۆهاتبوو، بەڵام تەنها لە
قۆرەتوو و لەمەیدان و چەند شوێنێکی دەورووبەری ئیدارەی گەرمیان دابەشکرا و دواتر دیارنەماو
دزرا.
وتیشی، "هەندێ خۆراکی
دیکەش کە بەڵگەم لایە نێردراوە و سەرەڕای ئەوەی چەندین مانگیش بەسەر هاتنیدا تێپەڕیووە
بەڵام دابەشنەکراوە."
موسەنا ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد،
ئەو گرێبەستانەی بۆ خۆراکی هاوڵاتیان دەکرێن یەکێکن لە خراپترین گرێبەستەکان کە تیایدا
گەندەڵی بەرفراوان و قۆرخکاری هەیە و بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق دەگەڕێتەوە.
باسی لەوەشکرد، بە وەزیری
تەندرووستییان وتووە ئاسایشی خۆراک واتە ئاسایشی تەندرووستی هاوڵاتیان و پێشیان
وتووە، "هیواداربووین بتوانیت چاکسازی بکەیت، بەڵام بەداخەوە کە وانەبوو، هەر
وەزیرێکی دیکەش هاتبێ پێمان وتووە کە ئەم وەزارەتەی ئێوە وەزارەتێکە مافیای تێدایە،
مافیای خەتەرناک و مەترسیدار و دزی گەورە کە یاری بە قووتی خەڵکەوە دەکەن."
سەبارەت بە دۆخی گەندەڵی عێراق
دەڵێت، "عێراق وەک کەلاکێکی لێهاتووە وەکو چۆن دڕندە سەری تێکردبێ و هەریەکە
لەلایەکەوە بیخوات، ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ خۆراکی هاوڵاتیان تەرخان دەکرێت و لەم
پارەیەش بە سەدان ملیۆن دۆلاری بە دزی لێ
دەخورێت و لەوانەیە بەهۆی کەمتەرخەمی دەیان ملیۆنیشی لێ بەهەدەر بڕوات."
ئەوەشی خستەڕوو، چەندین
جار پێشنیاریان کردووە لەبری ئەو بەشە خۆراکە پارەی نەقدی بدرێت بەهاوڵاتیان، بەڵام
مافیاکانی دەسەڵاتدار و پەیوەست بە فراکسیۆنە گەورەکان ناهێڵن ئەم جۆرە پرۆژانە سەربگرێت،
لەبری ئەوەی ئەو پارەیەی دەدرێت بە وەزارەتی بازرگانی و ئەوانیش دەیدەنە کۆمپانیاکان
بۆ کڕینی خۆراک زۆربەی هەرە زۆری بەهەدەر دەڕوات، بەڵام ئەگەر بدرێت بە هاوڵاتی ئەوکات
بازاڕیش ئازاد دەبێت و دەبوژێتەوە.
سەبارەت بە بڕە پارەی پێشنیارکراو
لەبری خۆراک ئەوەی خستەڕوو، "بەلایەنی کەم هەر هاوڵاتییەک نۆ بۆ ١٠ دۆلای لە
سەبەتی خۆراک بۆ دابین دەکرێت و ئەمەش بڕە پارەیەکی باشە، یارمەتیدەرێکی ماددی
حکومەتبوو بە نیسبەت خەڵکەوە و تێچوویەکی کەمتری دەبوو وەک تێچووی بارکردن و
گواستنەوە و داگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە."
وتیشی، "ئەگەر بەو شێوەیە
بکرایە ئەو کات کار ئاسانییەکی گەورەبوو، کەسیش نەدەهاتە سەر باسی خراپی جۆری خۆراک
و گواستنەوە و هەلگرتنی کەزۆرجار تاوانی گەورە کراوە بەرامبەر بەم میللەتە، ئەو خۆراکە
بەسەرچووانەی کە هەمووی ڕێککەوتی بەسەرچوونەکەی زۆر زۆر نزیک بووە یان ساختەکاری لە
رێککەوتی بەسەرچوونەکەیدا کراوە و خۆراکی ژەهراوی و پیس و ماوە بەسەرچوو دراوە بەخەڵک، یاخود ئەوەی لە کۆگاکانی
وڵاتانی دیکەدا فڕێ دەدرێت و بە نیوەی نرخەکەی دەفرۆشرێت و عێراق دەیانکڕێتەوە."
باسی لەوەشکردووە، هەندێکجار
خۆراک لەناو بارهەڵگرەکاندا بۆماوەی هەشت رۆژ لەبەر خۆر دەمێنێتەوە و دەڵێت،
"ئەمە کارەساتێکی گەورەیە پێویستە داواکاری گشتی بۆ ئەم بابەتە بێتە سەر خەت،
چونکە هیچ مەرجێکی تەندرووستی تێدا نییە."
سەبارەت بە کۆگاکانی هەڵگرتنی
خۆراک وتی، "کۆگاکانی هەڵگرتنی خۆراک سەرەڕای ئەوەی گەورەن و کارەبایان بۆ
دابینکراوە بەڵام بە نەشیاوترین شێوە خۆراکەکانی تێدا هەڵدەگیرێت و راستەوخۆ لەسەر
نایلۆنێک دادەنرێت و ئاو بەژێریدا دەڕوات و فێنککەرەوەی تێدانییە و تەنها چەند هەوا گۆڕێکی
بچووک بچووکی تێدایە کە لەقەبارەی ئەو کۆگا گەورانەی خۆراکدا نین."