ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک دەستیپێکرد و بەهۆی هەبوونی ناڕەزایەتی لەسەر یاساکە دانیشتنەکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک راگیرا.
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بەرنامەی کارەکەی لەبارەی چەند پرۆژەیاسایەکەوە بوو، کە بەهۆی ناڕەزایەتی لەسەر یاساکە دانیشتنەکە دواخرا.
لەو بارەیەوە مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی
نەوەی نوێ رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن پێشنیازە یاسای توندوتیژی خێزانییان رەتکردووەتەوە
و دانیشتنەکە راگیراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی خێزاندا نییە و بۆ
هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانە.
دەشڵێت، دەبووایە باس لە قەیرانەکانی ئێستا بکرایە کە هەرێمی پێدا
دەڕوات، وەک گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ و گیروگرفتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن
کە کەموکوڕی تێدایە، یانیش کارمەندانی پاککەرەوە کە موچەی چەند مانگیان پێنەدراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ راشیگەیاند، لە پرۆژەیاساکەدا ژن لە خێزان
جیاکراوەتەوە لەکاتێکدا پایەی سەرەکی خێزانە.
مژدە مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر باس لە کەیسی ژنان و
داکۆکیکردنی مافی ژنان دەکەن، من ئەو کاتەی دەستگیرکرام و ئازادرام کە
پەرلەمانتاریشم کێ هاتە دەنگ لەسەری؟."
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بەشێکی پەرلەمانتارانیش گلەیی
ئەوەیان هەبوو، کە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە دەبوو باس لە گیروگرفتەکانی ئێستا
بکات و باس لەوەبکات کە تەمەنی پەرلەمان نزیکە لەوەی بەکۆتا بێت و هەڵبژاردن
ئەنجامبدرێت.