دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانە ئۆکرانیانەی لەژێر دەسەڵاتی روسیادان رایانگەیاند، لە ٢٣ تا ٢٧ی مانگ ریفراندۆمێک بەرێوەدەچێت بۆ بوون بە بەشێک لە روسیا کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەو ریفراندۆمە هیچ شەرعیەتێکی نیە و هیچ شتێک ناگۆڕێت.
بەڕیوەبەرایەتی هەرێمەکانی لۆهانسک و دۆنیستیک و خێریسۆن کە لەژێر دەسەڵاتی روسیادان و سوپای ئەو وڵاتەی تێدا جیگیرە رایانگەیاند، لە ٢٣ تا ٢٧ی مانگ ریفراندۆمێک بەرێوەدەچێت بۆ بوون بە بەشێک لە روسیا.
بڕیاری ریفراندۆمەکە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و دیمیترۆ کولیبیا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، ئەو
ریفراندۆمە هیچ شتێک ناگۆڕێت و ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت لە رزگارکردنی ناوچەکانی
ژێر دەستی روسیا.
هاوکات، جەیک سولیڤان راوێژكاری
ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ریفراندۆمەی
روسیا دەیەوێت ئەنجامی بدات، سوكایەتیكردنە بە بنەماكانی سەروەری و یەكپارچەیی
خاكى ئۆکرانیا.
باسی لەوەشکرد، ئەمریکا
ئیدانەی ئەو ڕیفراندۆمە پلان بۆ دارێژراوە دەکات، کە جوداخوازانی لایەنگری رووسیا
بە نیازە لە ئۆکرانیا ئەنجامی بدەن و هەرگیز
دان بە لکاندنی خاکی ئۆکرانیا بە روسیا نانێت.
لایخۆشیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا،
سەرکۆنەی ئەو ریفراندۆمەی کرد کە جوداخوازانی لایەنگری رووسیا بە نیازن لە
رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامی بدەن و ئەو هەنگاوەی بە گاڵتەجاڕیی ناوبرد.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ریفراندۆمێک
لەبارەی لکاندنەوەی خاکی ئۆکرانیا بە روسیاوە لە رووی یاساییەوە هیچ گرنگییەکی
نابێت.
راشیگەیاند، پێیوایە ئەوەی رووسیا رایگەیاندووە
گاڵتەجاڕییە، و ئیستفزازییەکی نوێیە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستی ئەوان
نابێت.
هەر
لەمبارەیەشەوە، یانس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەو گشتپرسییە پلان
بۆداڕێژراوانەی کە جوداخوازانی لایەنگری رووسیا بە نیازن لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامی
بدەن، هیچ شەرعییەتێکی نابێت و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر شەڕی رووسیا لە ئۆکراینادا
ناهێنێت.
ئاماژەی
بەوەشدا، ئەو ریفراندۆمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پوتین جەنگەکە فراوانتر دەکات و دەبێت
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی سەرکۆنە بکەن و پاڵپشتییان
بۆ ئۆکرانیا زیاد بکەن.