ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر لە تویتێکدا دەسەڵاتی دادوەری عێراق تۆمەتباردەکات بەوەی یان لە ترسدا یاخود بەهۆی تەماحەوە گەندەڵی پشتگوێ دەخات.
وەزیرەکەی سەدر لە راگەیەندراوەکەیدا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن و دەڵێت، "دەیانەوێت ئەوەی لە عێراق ماوەتەوە بیفرۆشن و سەروەت و خێروبێرەکەی تاڵان بکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "یاسا بەسەر هەژاراندا جێبەجێ دەکرێت و بەسەر گەندەڵ و خراپەکارەکاندا جێبەجێ ناکرێت سەرەڕای هەبوونی بەڵگە و تۆمارەکان."
وەزیرەکەی سەدر باسی لەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران کە بە
کاربەڕێکەر ناوی دەبەن، بێ بودجەیە و پەرلەمان بێ رۆڵە وناتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ
بکات و وەزیرەکان لەنێوان گەندەڵەکان و ستەملێکراواندان بۆیە ئاسایش و پەیوەندییە
دیبلۆماسییەکان پەکیان کەوتووە.
دەشڵێت، "سەربەخۆیی و تەندروستی و پەروردە و کشتوکاڵ
و پیشەسازی و کار (بێکاری) و رێگەوبان و پرد و فڕۆکەوانی و یاسا هەموو سێکتەرەکان
رووبەڕووی وشکبوون بوونەتەوە."
باسی لەوەشکردووە، سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی لێسەندراوەتەوە
و دەسەڵاتی دادوەری لەبەر ترس یاخود تەماح لەبەرامبەر گەندەڵیدا بێدەنگ لەکاتێکدا
دزەکردنی دەنگ و ڤیدیۆ بوونی هەیە و هاوتای ئەو یاسایەی دەکات کە لەبەر دزینی کلێنس
دەستگیردەکرێن و یاسا لەسەر دەستکورت و کەمدەرامەتەکان جێبەجێ دەکرێت و بەسەر گەندەڵکاراندا
جێبەجی ناکرێت.
وتووشیەتی، "ئەو دەستورەی کە داڕێژراوە پەیوەست نییە
بە یاساوە و لەسەر ویست و پێوەرەکانی خۆیان دایانڕشتووە و لە رێگەی دەستەی دادوەرییەوە
گۆڕانکاری تیادا دەکەن هەر کاتێک لەگەڵ ویستەکانیان یەکنەگرێتەوە."
وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت شکۆی دەوڵەت
لە کوێدا بێت کە گەندەڵی و تاوانکاری و ماددەی هۆشبەر و چەک و پەتا (نەخۆشی) و دەستێوەردانی
دەرەکی و چەندانی دیکە وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە."