وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامی بۆچوونەکانی ئێرانی سەربارەت بە رەشنووسی دەقی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، داوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆچوونی ئێرانیان لەبارەی رەشنووسی رێککەوتننامەی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە رێگەی یەکێتی ئەورووپاوە پێگەیشتووە.
نێد پڕایس وتەبێژی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی
ناوەڕۆکی وەڵامەکەی ئەمریکاوە بڵاوبکاتەوە رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ئەو پرسە ئەمڕۆ
کۆتاییهات و وەڵاممان بۆ یەکێتیی ئەورووپا ناردووە".
ساڵی ۲۰۱٥ رێککەوتننامەی وڵاتانی پێنج کۆ یەک،
لە نێوان ئێران و ئەندامە هەمیشەییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا، روسیا، چین،
بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، واژۆ کرا، بەگوێرەی رێککەوتننامەکە لە بەرامبەر هەڵگرتنی
سزاکاندا، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکدەخاتەوە.
بەڵام لە ساڵی ۲۰۱٨دا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ،
تاکلایەنە لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە و دووبارە سزاکانی خستەوە سەر ئێران
لە بەرامبەریشدا حکومەتی تاران، هەنگاو بە هەنگاو لە جێبەجێکردنی رێککەوتتنامەکە وەستا
و دووبارە دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەکی بەرز.
بە ئامانجی
دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا و زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکە، لە نیسانی ۲۰۲۱دا دانوستانەکانی ڤییەنا دەستیان پێکرد،
راگەیەندراوی کۆتایی دانوستانەکانیش لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە نێردرا بۆ ئێران و
ئەمریکا و بەشداربووانی دیکەی دانوستانەکان و دوا بەدوای ئەمەش لایەنەکان بڕیاریاندا
بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دەرەوەی
ئێران له ١٥ی ئابدا بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنەکە خستەڕوو که لەلایەن
یەکێتیی ئەورووپاوه پێشکەش کرابوو و رایگەیاند، چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکا دەکەن سەبارەت
بە رەشنووسی دەقەکە.
لەلایەکی دیکەشەوە،
جۆزێپ بۆرێل نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ئاسایش،
لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاند، ئەگەر وەڵامێکی ئەرێنی لە ئەمریکاوە
وەربگیرێت، دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکرێت.