سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، پابەندی پشکنینەکانن و ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە کە یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە، ئەوا ئێران پابەند دەبێت بەوەی لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون.
میدیا ئێرانیەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە تارانی پایتەخت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کردووە.
سەرۆکی دامەزراوەی
ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئێران پابەندە بە بەڵێننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی
ئەتۆمی و لەو بارەیەشەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ناتوانێت بانگەشەی ئەوە
بکات کە لە پشکنینەکانیدا رووبەڕووی هیچ پابەند نەبوونێک بووبێتەوە.
محەمەد ئسیلامی
سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی
پێشتر پەسەندیان کردووە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم، پابەندی پشکنینەکانن و ئەگەر
بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە کە یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە، ئەوا ئێران پابەند
دەبێت بەوەی لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون.
ئەوەشی خستەڕوو،
ئێران بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ داڕشتنی بەرنامە
ئەتۆمیەکانی ئێران.
وتیشی، "جگە
لە ریککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥، رێگە بە هیچ پشکنینێکی ئەو ئاژانسە نادەین."
باسی لەوەشکرد،
کە ئەو بانگەشانەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاودەکرێنەوە، لەگەڵ لێکۆڵینەوە
نێودەوڵەتییەکان هەمووی تۆمەتی هەڵبەستراوی ئیسڕائیلە.
سەرۆکی دامەزراوەی
وزەی ئەتۆمی ئێران وتیشی، "ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو وڵاتە بووەتە سەرچاوەی هەواڵی
ساختە و هەڵبستنی تۆمەت بۆ ئێمە." و ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی دامەزراوەیەکی
نهێنیی ئەتۆمیی نییە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لێی ئاگادار نەبێت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت،
بەرپرسیکی ئەمریکی رایگەیاند، لەم رێککەوتنە نوێیەدا ئێران رێگەی پێدەدرێت بڕی ٣٠٠
کیلۆگرام لە ماددەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە وڵاتەکەی خۆیدا یەدەگبخات.