سەردێڕ:

هێزی کۆماندۆ لەسەر جوڵەپێکردنی هێزەکانیان بۆ سەر شارەوانی سلێمانی روونکردەوە دەدات

AM:11:35:16/08/2022

31556 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزی کۆماندۆ چوونە ناو شارەوانی سلێمانییەوە، هەریەکە لە شارەوانی سلێمانی و هێزی کۆماندۆی کوردستان روونکردنەوەیەکیان لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە.


فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دوای ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی کەسی لەلایەن چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی، هێزەکە بەرەو شارەوانی جوڵەی پێکراوە."

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی ١٥ ئۆتۆمبێل بووە و لە دوای کاتژمێر ٩ و نیوەوە چوونەتە شوێنەکە. 

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هێزی کۆماندۆ، "هێزەکە بۆ رێگریکردن لەو داگیرکارییە و بەرەو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی جوڵەی پێکراوە بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانەی رێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلێمانی."

هاوکات، چاوگێکی ئاگادار لە شارەوانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پرسەکە پەیوەستە بە ململانێی بەرپرسانی باڵای حزبییەوە لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی زەویییەکانی شارەوانی و ئەو پڕۆژانەی کە شارەوانی دەیدات بە وەبەرهێنەرەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمرۆ لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و تیایدا رایگەیاند، "کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون کە دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی"، دەشڵێت، "ئێمە داوامانکردووە کە پۆلیسی شارەوانی ژمارەیان زیادبکرێت کە موڵک و ماڵی دەوڵەت و رزقی هاوڵاتیان بپارێزن بەڵام نەکراوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کۆمەڵێک کۆشک و موڵک و ماڵی شارەوانی هەیە کە بە زیادکردنی ئاشکرا دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەڵام کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون کە بوونەتە مافیا بەسەر هاوڵاتیانەوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت."

دەشڵێت، "کۆمەڵێک دەموچاوی دووبارە پەیدابوون کە بەزۆر سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانەش بە ناوی حزب و بەپرسانەوە ئەم کارە دەکەن و بۆیە داوای ئەو هێزەمان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنمان."

 













گەلەری