سەردێڕ:

دواین زانیارییەکان لەبارەی مووچەی مانگی سێ

PM:03:48:05/04/2026

12436 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەران مسۆگەركراوە و هیچ کەمکردنەوە و دواکەوتنێکی بەسەردانایەت و دەستکاری ناکرێت، هەروەک پێشتریش تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دابوو مووچەی فەرمانبەران مەترسی لەسەر نیە، سەبارەت بە مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمیش وەزیرێکی حکومەتی عیراق بە ئێن ئاڕتی وت رۆژی سێشەممە یەکلاکەرەوە دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی وتووە، سەرباری ئاستەنگە دارایی و سیاسییەکانی ئێستای ناوچەکە، مووچەی فەرمانبەران مسۆگەرکراوە و بژاردەی دیکەیان لەبەردەستە بۆ زامنكردنی بەردەوامی خەرجکردنی مووچە تەنانەت ئەگەر ئەم حکومەتەی ئێستای عێراقیش لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە.

وتیشی، ئەگەر حکومەت پێکنەهێنرێت و دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، پەرلەمان و حکومەت بەرەو دەرکردنی یاسای نوێی قەرزکردن هەنگاو دەنێن و تاکە چارەسەر كە لە ئێستادا لە بەردەستدایە قەرزکردنە لە بانکە ناوخۆییەکان و دڵنیایشیدا وڵات خاوەنی سەرچاوەی دارایی پێویستییە.

لەو چوارچێوەیەدا وەزیرێکى حکومەتى عێراق بە ئێن ئاڕ تى وت، رۆژى سێشەممە بۆ مووچەى مانگى سێی هەرێم یەکلاکەرەوەیە و ئەو پرسە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر دەدرێت، ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات کە بەپێی زانیارییەکان حکومەتى ماوەبەسەرچوو بە بیانووی کەمیی داهاتەوە داوایکردووە ١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی سێ رادەستی بەغدا نەکات و داوایانکردووە کەمتر لەو بڕە رادەستبکەن.

بۆ ئەو مەبەستەش تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دوو مەرجى دیاریکردووە بۆ ناردنى مووچە.یەکەمیان، لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە راپۆرتێک بۆ دارایی عێراق بنێردرێت کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەریان ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت رابگرن و بەوهۆیەوە داهاتیان کەمیکردووە، دووەم مەرجیش ئەوەیە کە بڕیاری ناردنی مووچە بەبێ ناردنی ١٢٠ ملیارەکە، دەبێت بە رەزامەندی و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بێت.

هەرچۆنێک بێت پێویستە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوت نووسراوەکە بۆ دارایی عێراق بنێرێت، دواجاریش لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەمەدا سودانی بڕیار بدات لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆران.













گەلەری