بەهۆی سەرکەوتنی عێراق بۆ مۆندیال دوو رۆژ پشووی فەرمی راگەیندرا

PM:01:32:01/04/2026

88 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆی سەرکەوتنی عێراق بۆ مۆندیال دوو رۆژ پشووی فەرمی راگەیندرا و سەرۆکی فیفاش پیرۆزبای لە هەڵبژاردەکە کرد.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەبۆنەی سەرکەوتنی مێژوویی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقەوە بۆ مۆندیالی 2026 بڕیاری دا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت بکرێتە پشووی فەرمی تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە شێرەکانی ڕافیدەین توانییان لە یارییەکی چارەنووسسازدا لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ببەنەوە و دوای دابڕانێکی درێژ لە ساڵی 1986ەوە بۆ دووەمجار لە مێژوودا بگەنە جامی جیهانی.

لە لایەکی ترەوە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و رایگەیاند کە گەڕانەوەی عێراق بۆ گەورەترین سەکۆی تۆپی پێ لە جیهاندا دەستکەوتێکی مەزن و سەرنجڕاکێشە.

ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی ڕۆحێکی بەرزی جەنگاوەری و بەهرەیەکی زۆرە و دڵنیایە کە لە مۆندیالی 2026دا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن.

هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە دەبێتە هاندەرێکی گەورە بۆ نەوەی نوێی یاریزانان و وەرزشی وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی گەشاوەتر دەبات و هەموو جیهان چاوەڕێن ببینن شێرەکانی ڕافیدەین لە یاریگاکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک چۆن دەدرەوشێنەوە.

لەلایەکی ترەوە، بەشێکی زۆری میدیا جیهانییەکان و عەرەبییەکان ستایشی هەڵبژاردەی عێراقیان کردووە و گەڕانەوەی هەڵبژاردەکەیان بۆ مۆندیال بە رووداوێکی گرنگ و مەزن وەسفکردووە.